سکالۆنی بۆ ماڵئاوایی مێسی: قورس دەبێت خۆمان ڕابگرین و نەگرین

مەبەست عەدنان 48 خولەک پێش ئێستا

لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین، دانی بەوەدانا کە یاریی کۆتایی لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بێنین، کە بڕیارە لە ٦ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بۆنەیەکی زۆر سۆزداری و کاریگەر دەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەیەوێت بەو شێوەیە ماڵئاوایی لە کاپتنی پێشووی تیمەکە بکات کە خۆی دەیەوێت.

سکالۆنی لە لێدوانێکدا گوتی: "قورس دەبێت بۆمان کە نەگرین"، ڕوونیشیکردەوە کە سوور بووە لەسەر ئەوەی مێسی هەلی ئەوەی پێبدرێت لەبەردەم هاندەرانی وڵاتەکەی و لەنێو یاریگای "مۆنۆمێنتال" لە شاری بۆینس ئایرسی پایتەخت ماڵئاوایی بکات.

پێشتریش مێسی بە فەرمی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندبوو، ئەمەش دوای کاروانێکی وەرزشیی نایاب لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە تێیدا 208 یاری ئەنجامداوە و 125 گۆڵی تۆمارکردووە لەوەتەی یەکەم دەرکەوتنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2005وە، بەمەش بووەتە گۆڵکار و خاوەنی زۆرترین بەشداریی مێژوویی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەشدارییەکی کارای هەبوو لە بردنەوەی نازناوی "کۆپا ئەمریکا" لە ساڵانی 2021 و 2024، شانبەشانی بردنەوەی جامی جیهانی 2022، پێش ئەوەی لەگەڵ تیمەکەدا بگاتە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2026، کە تێیدا بەرامبەر ئیسپانیا شکستیان هێنا.

چاوەڕوان دەکرێت مێسی بۆ دوایین جار بە درێسی تانگۆوە بەرامبەر هەڵبژاردەی بێنین دەربکەوێت، لە میانەی ئامادەکارییەکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لەو ئەستێرە تەمەن 39 ساڵە.

مەبەست عەدنان

48 خولەک پێش ئێستا