چارەنووسی مان سیتی و 114 تۆمەتەکانی چی لێدێت؟
پوختەی هەواڵ:
- مانچێستەر سیتی بە 114 تۆمەتی لادانی یاسایی تۆمەبارکراوە
- تۆمەتەکان لە ساڵانی 2009 تاوەکو 2023 دەگرێتەوە
- گەر تۆمەتەکان ساغببنەوە سزای قورس چاوەڕێی مان سیتییە
- ئەگەری زۆرە یانەکە دابەزێت بۆ چامپیۆنشیپ
دۆسیەیەکی ئابڕووچوونی تۆپی پێ لە مێژووی وەرزشی ئینگلتەرا، کە دوو ڕۆژە میدیاکانی تەنیوە، ئەویش دۆسیەی تۆمەتەکانی مانچێستەر سیتییە، کە ناویان ناوە 114 تۆمەتی ئابڕووچوون.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی بەریتانیا و ماڵپەڕی زە ئەتڵەتیک' ئاشکرایان کرد کە لیژنەی سەربەخۆی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی مانچێستەر سیتی بە 114 تۆمەت لە کۆی 115 تۆمەتی ئاڕاستەکراو لەسەر پێشێلکردنی یاساکانی دەستپاکی دارایی بە تاوانبار ناساندووە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە کە ماوەی 8 ساڵە بەردەوامە، سەردەمی زێڕینی یانەکە لە نێوان ساڵانی 2009 تا 2023 دەگرێتەوە کە تێیدا یانەکە چەندین نازناوی گەورەی بەدەستهێنابوو.
تۆمەتە سەلمێنراوەکان بریتیبوون لە نەبەخشینی زانیاری و ڕاپۆرتی دارایی دروست و ڕاستەقینە، شاردنەوەی زانیاری لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی ڕاهێنەران و یاریزانان، سەرپێچیکردنی یاساکانی دەستپاکی دارایی ئەوروپا و خولی ئینگلیزی، و هاوکارینەکردنی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە ماوەی ڕابردوودا.
بەرپرسانی مان سیتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان تەواوی تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە و بە فەرمی تێهەڵچوونەوە یاخود دەیانەوێت کەیسەکە تاوەکو سێ ساڵی دیکە دوابخەن.
سەبارەت بە سزاکان، لیژنەکە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر جۆری سزادانی یانەکە نەداوە. بەپێی یاساکانی خولی نایابی ئینگلیزی، سزاکان دەکرێت لە سزای دارایی زۆر قورسەوە دەستپێبکەن تا دەگاتە کەمکردنەوەی خاڵەکان (دەکرێت 40 تا 60 خاڵ بێت)، یان تەنانەت دەرکردنی تەواوه تیی یانەکە لە خولی نایاب و سەندنەوەی ئەو نازناوانەی لەو ساڵانەدا بەدەستیانهێناون، وە دابەزینیان بۆ چامپیۆنشیپ.
شارەزایانی یاسایی ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی تێهەڵچوونەوە و تاوتوێکردنی سزاکان ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایەنێت و یەکلاکردنەوەی کۆتایی تا وەرزی 2027 دواپێبکەوێت.
لە ڕۆژەکانی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ڕاگەیەندراوی زۆرتری فەرمی لەلایەن خولی نایابی ئینگلیزی و مان سیتییەوە بڵاوبکرێنەوە.
54 خولەک پێش ئێستا