عێراق 275 هەزار پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکات

کیژان مەحمود 41 خولەک پێش ئێستا
عێراق 275 هەزار پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکات
عێراق 275 هەزار پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکات

پووختەی هەواڵەکە:

  • لە قۆناغی یەکەمدا 275 هەزار پارچە زەوی لە پارێزگاکانی عێراق ئامادە کراوە.
  • زەوییەکان ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە وەرگرتنی موڵک سوودمەند نەبوون.
  • پڕۆژەکە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی پۆلێن دەکرێت.
  • عێراق لە ئێستادا پێویستی بە 2 ملیۆن و 300 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەیە.

حکومەتی عێراق ڕێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ زیاتر لە 275 هەزار پارچە زەوی دەستپێکردووە وەک قۆناغی یەکەمی پڕۆژەیەکی نیشتمانی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا هیچ موڵکێکیان بەناوەوە نەبووە.


ئیستەبرەق سەباح، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ڕایگەیاند:

  • لیژنە هونەرییەکان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتیی زەوییەکان بۆ سەر شارەوانییەکان.
  • وەک قۆناغی یەکەم، 275 هەزار پارچە زەوی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە تەرخانکراوە بۆ دابەشکردن.
  • پڕۆسەی دابەشکردنەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون و خاوەنی خانووبەرە نین.
  • گواستنەوەی خاوەندارێتیی زەوییەکان بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی نەخشەی بنەڕەتی بۆ دڵنیابوونەوە لە کەوتنیان لە سنووری شارەوانی.

هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکان و قەرەبووکردنەوەی زەوی:

لە بەشێکی دیکەی ڕێکارە کارگێڕییەکاندا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری، کشتوکاڵ و فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە دەکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتە یاسایی و هونەرییەکان؛ بەگوێرەی بڕیارەکان ئەو زەوییانەی پۆلێنی کشتوکاڵین، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە قەرەبوو دەکرێنەوە تا بخرێنە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەوانییەکان و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بەکاربهێنرێن.

پێشینە و ئاماری قەیرانی نیشتەجێبوون:

ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە بۆ دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، عێراق لە ئێستادا پێویستی بە 2 ملیۆن و 300 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی خانوو، و پێشبینی دەکرێت گواستنەوە و دابەشکردنی ئەم زەوییانە بەشێکی بەرچاو لە خواست لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون کەمبکاتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

حکومەتی عێراق سەکۆی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی ڕادەگەیەنێت

دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی لە عێراق دەستپێدەکات

کیژان مەحمود

41 خولەک پێش ئێستا