دنیا نەجات، دەبێتە خاوەنی بەرزترین بڕوانامەی ڕاهێنەری باسکە
بۆ یەکەمجار لە مێژووی یاریی باسکەدا، خانمە وەرزشکار و کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، دونیا نەجات، بووە خاوەنی بروانامەی نێودەوڵەتی راهێنانی (لێڤڵ یەک) بۆ یاریی باسکە، بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی باسکەی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی باسکەی عێراق .

دونیا نەجات، کە چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر دەستی بە یاریی باسکە کردووە و بۆ ماوەی 15 ساڵ یاریزانی هەلبژاردەی عێراق بوو، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بەشداریی لە خولی راهێنەرایەتی ئەو وەرزشە کرد و توانی ئە وبروانامە نێودەوڵەتییە دەستەبەر بکات، تاوەکو بتوانێت لە داهاتوودا، ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردە و یانە جیاوازەکان بگرێتە ئەستۆ.
بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە دەچێتە ناو کاروانی چەندین دەستکەوت و خەڵاتی دیکە، ئەو وەرزشکارە خانمە لە ماوەی کاروانی وەرزشی خۆیدا چەندین دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بۆ نمونە بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتی سەربەستی عێراق لە ساڵی 2002، باشترین یاریزانی کوردستان ساڵی 2007، گۆڵکاری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە 2008 وڵاتی سوریا، بەشداریی چەندین مەشق و ڕاهێنانی لەگەڵ یانەکانی ئەکاد و سەنحاریب و کردووە، وەکو یاریزانیش لە ساڵی 2019 کۆتا بەشداریی لە پاڵەوانێتی عێراق کردووە، ئێستاش مامۆستاى زانکۆو ئەندامى دەستەى کارگێڕى یانەى ئافرۆدێتە.

1 کاتژمێر پێش ئێستا