دەسەڵاتێکى سنووردار دەدرێتە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى
پووختەی هەواڵەکە:
- وەزارەتى ناوخۆ: دەسەڵاتەکان تەنیا بۆ ڕاییکردنى کاروبارى ڕۆژانەیەی فەرمانبەرانی ئەنجوومەنەکەیە.
- ڕایکردنی کارەکانی وەک مووچە، سەرەمووچە و هەژمارى بانکى و ئەو نووسراوانەوە هەیە کە پێویستیان بە ئەنجوومەنەکەیە.
- پێشتر دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاریدا، بە نادەستووریبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
- وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، دەسەڵات دەداتە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ ڕایکردنى کارى ڕۆتینى ڕۆژانەیان.
لە نووسراوێکدا کە واژۆى هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لەسەرە و ئاڕاستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کراوە، تێیدا هاتووە، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندى داوە بە پێدانى دەسەڵات بۆ ڕاییکردنى تەنیا کاروبارى ڕۆتینى ڕۆژانەى فەرمانبەرانى میلاکى ئەنجوومەنى پارێزگا لە چوارچێوەى یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەکان بە ئاگادارى وەزارەتى ناوخۆ.
لە دواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، هاوشێوەى ئەنجوومەنەکانى دیکە، کارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕاگیراوە و ئەوەش کاریگەرى لەسەر کارەکانى سنوورى پارێزگاکە هەبووە.
بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆ، ئەو بڕیارە تەنیا بۆ ڕاییکردنى کاروبارى ڕۆژانەى فەرمانبەرانى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانییە کە پەیوەندیان بە مووچە، سەرەمووچە و هەژمارى بانکى و ئەو نووسراوانەوە هەیە کە پێویستیان بە ئەنجوومەنەکەیە.
ڕۆژى 24ـى ئەیلوولى 2023 دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاریدا، بە نادەستووریبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

1 کاتژمێر پێش ئێستا