یوێفا سزایەکی قورسی بەسەر ئیثان ئێمباپێ سەپاند

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بە فەرمی ڕایگەیاند، ئیثان ئێمباپێ، یاریزانی یانەی لیلی فەرەنسی، بۆ سێ یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا سڕکراوە، ئەم سزایە دوای ئەوە دێت کە ئەو یاریزانە لە یەکەم یاریی یانەکەیدا لە پاڵەوانێتییەکە، کە بە ئەنجامی 3-2 دۆڕان بە ڕیاڵ بێتیس، کارتی سووری وەرگرت.

یوێفا تۆمەتی "دەستدرێژیکردنە سەر ڕکابەر"ی داوەتە پاڵ ئێمباپێ، دوای ئەوەی سێ هەفتە لەمەوبەر لە کاتی یارییەکەدا بە ئانیشک لێدانی بۆ ناتانی بەرگریکاری ڕیال بێتیس بەکارهێنا. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە ناتان لە کاتی تێپەڕبوونی بە پشتی ئیثان ئێمباپێدا چەند وشەیەک دەڵێت، ئەمەش کاردانەوەی یاریزانە فەرەنسییەکەی لێکەوتووەتەوە.

ئەمە تەنیا سێیەم یاریی ئیثانی تەمەن 19 ساڵانە، کە برای بچووکی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ڕیال مەدریدە، لە مێژووی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگدا.

بەهۆی ئەم سزایەوە، ئیثان ئێمباپێ ناتوانێت لە یارییەکەی ڕۆژی 13ی ئۆکتۆبەر بەرامبەر ئارسیناڵ یاری بکات، هەروەها لە یارییەکانی میوانداریکردنی گەڵاتەسەرای و سەردانیکردنی بۆدۆ گلیمت بێبەش دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە 25ی نۆڤێمبەر و لە کاتی میوانداریکردنی بایرن میونشن بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.

لە ئێستادا، ئێمباپێی بچووک لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵانی فەرەنسایە بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ لاوان، کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بە هاوبەشی لە نێوان ئەلبانیا و سڕبیا بەڕێوەبچێت.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا