مەترسییەکانی کەمبوونی ئاوی دەوری کۆرپەلە لە کاتی دووگیانیدا
کەمی سەراو، واتە لە کاتی دووگیانیدا ئەو ئاوەی لە چواردەوری کۆرپەدایە کەمدەبێتەوە. گرفتەکە دەکرێت هەندێک لێکەوتی خراپی بۆ سەر دووگیانی هەبێت. سەراوی منداڵدان، بەشێوەیەکی ئاسایی، کۆرپەلە لە هەوکردن دەپارێزێت و جووڵەی ئاسانتر دەکات، هەروەها یارمەتیی راگرتنی هاوسەنگیی پلەی گەرمیی کۆرپەکە دەدات.
نزیکەی 4%ی خانمان لە کاتی دووگیانیدا، توشی گرفتی سەراوکەمی دەبن، گرفتەکە زیاتر لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا روودەدات. ئەو خانمانەی کاتی منداڵبوونی ئاسایی خۆیان تێپەڕاندووە، مەترسییان زیاترە توشی گرفتەکە ببن.
هۆکارەکان چین؟
- نەخۆشیی شەکرە
- وشکبوونەوە
- بەرزەفشاری خوێن
- تێپەڕینی ماوەی ئاسایی منداڵبوون
- هەندێک گرفتی زگماکیی کۆرپە
لێکەوتە خراپەکانی کەمیی سەراو چین؟
- لەدایکبوونی نەبەکام
- لەبارچوونی منداڵ
- هەوکردنی پەردەی منداڵدان
- کەمبوونەوەی گەشەی کۆرپە
- چەمانەوە و گیرانی وێڵاش
ئەم حاڵەتە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
پزیشکی پسپۆڕ مێژووی دووگیانی لە خانمی چارەخواز وەردەگرێت و هەندێک پشکنینی بۆ دەکات، گرنگترین پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکە سۆناری کۆرپەلە و منداڵدانە.
چارەسەر چییە؟
چارەسەری گرفتەکە بەپێی کاتی دووگیانی دەگۆڕێت، ئەگەر خانمەکە لە کاتی منداڵبوون-واتە 37 هەفتەیی-ەوە نزیک بێت، لەوانەیە پزیشكی پسپۆڕ بڕیاری زوو دەستپێکردنی پرۆسەی لەدایکبوونی منداڵەکە بدات.
چۆن رێگریی لێدەکرێت؟
هیچ رێگەیەکی دیاریکراو نییە بۆ رێگریکردن لە کەمیی سەراو، کردنی پشکنینەکانی دووگیانی لە کاتی خۆیاندا و باسکردنی هەموو ئەو نیشانانەی خانمەکە هەیەتی، هۆکارن بۆ زوودەستنیشانکردنی گرفتەکە و چارەسەرکردنی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.
29/11/2023