لە ئیسپانیاوە داوای سزادانی مانچێستەر سیتی دەکات
پوختەی هەواڵ:
- سەرۆکی لالیگا داوا دەکات توندترین سزا بەسەر یانەی مانچێستەر سیتیدا بسەپێنرێت ئەگەر تاوانەکانی لەلایەن لیژنەی سزادانەکانی پرێمەرلیگەوە سەلمێنران.
- مانچێستەر سیتی ڕووبەڕووی 114 تۆمەتی تایبەت بە پێشێلکردنی یاسا داراییەکان بووەتەوە لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2018.
- سەختترین سزای چاوەڕوانکراو بریتییە لە دوورخستنەوەی یانەکە لە خولی نایابی ئینگلیزی "پرێمەرلیگ".
- خاڤێر تیباس، جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سزاکە ببێتە هۆی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری لە تۆپی پێدا.
خاڤێر تیباس، سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی خولی ئیسپانیا، داوا دەکات توندترین سزای یاسایی لەلایەن خولی نایابی ئینگلیزییەوە بەسەر مانچێستەر سیتیدا بسەپێنرێت، ئەگەر هاتوو پێشێلکردنی یاسا داراییەکان لەلایەن یانەکەوە پشتڕاستکرایەوە سەلمێنران.
تیباس لەمیانی لووتکەی «فیفپڕۆ» لە لەندەن ڕایگەیاند: «پێویستە سەختترین سزای ناو پەیڕەوی خولی ئینگلیزی جێبەجێ بکرێت تا ببێتە پەیامێکی ڕوون بۆ هەمووان. پێشێلکردنی یاساکان بۆ زیاتر لە 10 ساڵ بابەتێکی زۆر جددییە، بۆیە دەبێت سزاکەش هێندەی ئاستی سەرپێچییەکە توند بێت».
ئەم داوایەی تیباس دوای ئەوە هات کە دەنگوباسی ئیدانەکردنی مانچێستەر سیتی لە زۆربەی ئەو 114 تۆمەتەی ئاڕاستەی کرابوون لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2018 بڵاو بووەوە؛ ئەگەرچی خەلدوون موبارەکی سەرۆکی یانەکە، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دڵنیایە لە ئەستۆ پاکی یانەکەی.
قورسترین سزای یاسایی لەلایەن پرێمەرلیگەوە، دوورخستنەوەی یانەکەیە لە خولەکە، بە مەرجێک لانی کەم 15 یانە لە کۆی 20 یانەی بەشداربوو لە خولەکە کۆ دەنگ بن لەسەر سزاکە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا