پاڵەوانێکی پێشووی سنۆکەر حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • دادگایەک لە سکۆتلەندا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر «گریم دۆت»، پاڵەوانی پێشووی جیهان لە سنۆکەردا سەپاند.
  • بڕیارەکە دوای ئیدانەکردنی هات بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دوو منداڵ لە نێوان ساڵانی 1993 تاوەکو 2010.
  • پۆلیسی سکۆتلەندا بە فەرمی ئەم یاریزانەی بە «کەسێکی مەترسیدار» ناوبردووە
  • ڕێکخراوی جیهانیی پیشەگەرانی بلیارد و سنۆکەر بە یەکجاری ئەندامێتیی گریم دۆتی هەڵوەشاندەوە.

دادگای باڵا لە ئێدنبرە سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر «گریم دۆت» ی پاڵەوانی پێشووی جیهان لە یاریی سنۆکەردا سەپاند، دوای ئەوەی بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دوو منداڵ تۆمەتبار کرا.

شۆن سمیت، دادوەری بەریتانی ڕایگەیاندووە کە تۆمەتبار «بەشێکی گرنگی لە تەمەنی منداڵیی قوربانییەکان وێران کردووە».

لە مانگی ئابدا، دەستەیەک لە دادگای ئێدنبرە یاریزانە 49 ساڵەکەیان بە ئەنجامدانی چەندین دەستدرێژی بەرامبەر کوڕێک و کچێک لە نێوان ساڵانی 1993 تاوەکو 2010 ئیدانە کرد، لە کاتێکدا قوربانییەکان لەو کاتەدا کە دۆت هەڵەی بەرامبەر کردوون لە تەمەنی پێش مێردمنداڵیدا بوون.

دادگاییکردنەکە پێنج ڕۆژی خایاند، دادگا گوێبیستی شایەتحاڵەکان بوو دەربارەی ئەنجامدانی ڕەفتاری نەشیاو و دەستدرێژیکردنە سەر قوربانییەکان، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، دادگا یاریزانەکەی بواری سنۆکەری بە دوو تاوانی پەیوەندیدار بە ڕەفتاری بەدڕەوشتی ئیدانە کرد.

گریم دۆت لە ساڵی 2006 نازناوی پاڵەوانی جیهانی لە سنۆکەردا بەدەستهێنا، لە ساڵانی 2004 و 2010شدا پلەی دووەمی بەدەستهێنابوو.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا