یەک ملیۆن دینار بەرامبەر تاپۆ؛ ڕێکارەکانی بەناوکردنی زەویی فەرمانبەران دەستپێدەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- لە کۆی 510 هەزار فەرمانبەری شایستە، 131 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە.
- تاپۆکردنی زەوییەکان لە سلێمانی دەستیپێکردووە و ڕسووماتی یەک ملیۆن دینارە.
- گۆڕینی ڕەگەزی زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون پرۆسەکەی خاوکردووەتەوە.
- تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان هیچ زەوییەک دابەشنەکراوە.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە پڕۆسەی دابەشکردن و تاپۆکردنی زەویی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بە جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا زیاتر لە 131 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە، لە چەند ناوچەیەکیش بەهۆی کێشەی ڕەگەزی زەوییەوە پڕۆسەکە بە تەواوی وەستاوە.
سەربەست مەولود، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:
- ناوی زیاتر لە 510 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکراوە.
- لە پارێزگای هەولێر لە کۆی 140 هەزار، نزیکەی 76 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە.
- لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 115 هەزار، زیاتر لە 27 هەزار پارچە زەوی دراوە بە فەرمانبەران.
- لە پارێزگای دهۆک 17 هەزار لە کۆی 80 هەزار و لە ئیدارەی زاخۆش 10 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە.
- لە ئیدارەی سۆران تەنیا هەزار و 100 فەرمانبەر لە کۆی 40 هەزار شایستە زەوییان وەرگرتووە.
- تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان پەیوەستە بە بەدواداچوونی ئیدارەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
کێشەی ڕەگەزی زەوی، تاپۆکردن و ناوچە بێبەشبووەکان:
بەپێی بەدواداچوونەکان، هۆکاری سەرەکیی خاوبوونەوەی پڕۆسەکە پەیوەستە بە گۆڕینی ڕەگەزی زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون، بە جۆرێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین تەنیا 500 پارچە زەوی دابەشکراوە و لە سنووری قەزای ڕانیە بەهۆی کێشەی تەرخانکردنی زەوییەوە پڕۆسەکە ڕاگیراوە؛ هاوکات لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان تاوەکو ئێستا هیچ زەوییەک دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا لە سلێمانی قۆناغی تاپۆکردن دەستیپێکردووە و بۆ هەر پارچە زەوییەک بڕی یەک ملیۆن دینار وەک ڕسوومات لە فەرمانبەران وەردەگیرێت.
پێشینە و مەرجەکانی دابەشکردنی زەوی:
بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە کۆتایی مانگی ئازاری 2024 لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوو؛ بەگوێرەی ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەر فەرمانبەرێک هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبووبێت، مافی وەرگرتنی پارچە زەوییەکی بە ڕووبەری 200 مەتری چوارگۆشە هەیە، بەڵام جیاوازی لە ڕێکارە کارگێڕییەکانی نێوان شارەوانییەکان جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە هەندێک ناوچە دواخستووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
لە سلێمانی قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا