کریستیانۆ لە پۆرتوگال توڕەیە

مەستان حوسامەدین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • لە یاریی پۆرتوگال و نەرویج راهێنەر بەشداریی بە کریستیانۆ نەکرد
  • کریستیاۆ پێشتر ڕێککەوتنی کردبوو کە هیچ نەبێت 30 خولەک یاریی بکات
  • کریستیانۆ گلەیی و ڕەخنەی لە ڕاهێنەری پۆرتوگال هەیە

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆژنامەی ڕێکۆردی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی ڕاهێنەر خۆرخێ خیسۆس و یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال سەبارەت بە دۆخی لەناو هەڵبژاردەکەدا تووڕە و ناڕازییە.
سەرچاوەی ئەم کێشەیە بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە؛ چونکە پێشتر لە نێوان کریستیانۆ و ڕاهێنەردا ڕێککەوتن کرابوو کە ڕۆناڵدۆ لە هەردوو یاریی ناوخۆدا بەشداریی سەرەکی بکات. بەڵام خیسۆس لە دوا ساتەکاندا بڕیارەکەی گۆڕی و داوای لە ڕۆناڵدۆ کرد بۆ یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج لەسەر کورسیی یەدەگ دابنیشێت و بەڵێنی پێدا لە گێمی دووەمدا بیخاتە ناو یاریگاوە.
سەرەڕای ئەو بەڵێنە، گۆڕانکارییەکە هەرگیز ئەنجام نەدرا و کریستیانۆ بۆ تەواوی کاتی یارییەکە لەسەر کورسیی یەدەگ مایەوە، کە یەکەمجارە کریستیانۆ لە دوای 2008 تەواوی یارییەک لەسەر کورسی یەدەگ بێت لەگەڵ پۆرتوگال.
دەستەی ڕاهێنەران پاساوی ئەوەیان هێنایەوە کە بەهۆی ڕەوتی یارییەکەوە نەیانتوانیوە ئەو گۆڕانکارییە تاکتیکییە ئەنجام بدەن.
ئەم ڕەفتارە و شکاندنی بەڵێنەکە بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری ڕۆناڵدۆ، و وای لێکردووە داوای کۆبوونەوەیەکی ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕاهێنەر و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی بکات تاوەکو بارودۆخەکە ڕوون بکەنەوە و دڵنیا ببێتەوە کە هێشتا وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆژەی نیشتمانیی پورتوگالدا سەیر دەکرێت.

مەستان حوسامەدین

2 کاتژمێر پێش ئێستا