درێسێکی مایکڵ جۆردن بە زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار فرۆشرا و ڕیکۆردی شکاند
پوختەی هەواڵ:
- درێسێکی مێژوویی مایکڵ جۆردن فرۆشرا
- درێسەکە بەهۆی نرخە زۆرەکەیەوە ڕیکۆردی شکاند
- درێسەکە بۆ هاندەرانی باسکە واتایەکی زۆری هەیە
گرانترین درێس تاوەکو ئێستا فرۆشرابێت
پێگەی مارکا هەواڵی فرۆشتنی درێسە مێژووییەکەی مایکل جۆردنی ئەفسانەی ئێن بی ئەی بڵاوکردەوە، کە لە فیناڵی خولی باسکێتی ئەمریکی لە وەرزی 1998 پۆشیبووی.
لە فرۆشتنێکی ئاشکرادا، درێسەکە بە بڕی 12.26 ملیۆن دۆلار فرۆشرا و توانی ڕیکۆردێکی نوێی مێژوویی لە جیهانی کەلوپەل و یادگارییە وەرزشییەکاندا تۆمار بکات.
ئەم درێسە سپییەی ژمارە 23ی مایکڵ جۆردن، کە هێمایەکی درەوشاوەی ئەو وەرزەی ئێن بی ئەیە کە ناسرابوو بە وەرزی "زە لاست دانس"، یادگاری یارییە مێژووییەکانی بەرامبەر یانەی یوتا جازە، لەو وەرزەی کە تێیدا یانەی شیکاگۆ بۆڵز دوا نازناوی پاڵەوانێتیی بە ڕێبەرایەتیی جۆردن بەدەستهێنا.
بازاڕی کەلوپەلە وەرزشییە کۆن و ناودارەکان لە ساڵانی دواییدا گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەم فرۆشتنەی درێسی مایکل جۆردن سەرجەم ڕیکۆردەکانی پێشووی شکاند. شارەزایان پێشتر خەمڵاندنیان بۆ کردبوو کە نرخەکەی نێوان 10 بۆ 12 ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام ئارەزووی بەرز و ڕکابەریی توندی کڕیاران لە مەزادەکەدا وایکرد کۆتایی بە 12 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار بێت و وەک گرانبەهاترین ژمارە لە مێژووی فرۆشتنی درێسە وەرزشییەکاندا تۆمار بکرێت.

2 کاتژمێر پێش ئێستا