مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد بە هەموو ئەمریکادا گوزەر دەکات
پوختەی هەواڵ:
- بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی 2028 بە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکادا گوزەر دەکات.
- گەشتی مەشخەڵەکە لە بەهاری ساڵی 2028دا لە شاری ئاتلانتاوە دەست پێ دەکات و لە کالیفۆرنیا کۆتایی پێ دێت.
- دوای داگیرساندنی لە ئۆڵۆمپیادی یۆنان، مەشخەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
- یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس لە 14 تاوەکو 30ی تەممووزی 2028 بەڕێوە دەچن.
مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی 2028 لە ڕێوڕەسمێکی بێوێنەدا بە هەموو 50 ویلایەتەکەی ئەمریکادا تێدەپەڕێت، دەستپێکی گەشتەکە لە شاری ئاتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیاوە دەبێت، کە دوایین شاری ئەمریکا بوو لە ساڵی 1996دا میوانداریی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی کردبێت، دواجار مەشخەڵەکەش لە لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا نیشتەجێ دەبێت.
کایسی واتەرمان، سەرۆکی کۆمیتەی ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی 2028 ئاماژەی بەوە کرد: «هەر خولێکی ئۆڵۆمپیاد بە تاقە مەشخەڵێک دەست پێ دەکات؛ گەیاندنی ئەم مەشخەڵە بۆ لۆس ئەنجلۆس شەرەفێکە و لەگەڵ تەواوی گەلەکەماندا بەشی دەکەین، کە تێیدا هاووڵاتییانی هەر 50 ویلایەتەکە بە درێژایی ڕێڕەوەکەی دەستی بەدەست دەکەن تا دەگاتە مەراسیمی کردنەوە.»
بەپێی نەریتی دێرینی ئۆڵۆمپی، مەشخەڵەکە سەرەتا لە شاری ئۆڵۆمپیای یۆنان دادەگیرسێنرێت و پاشان ئاراستەی ئاتلانتا دەکرێت، بڕیاریشە ساڵی داهاتوو وردەکاریی تەواوی ڕێڕەوی مەشخەڵەکە ڕابگەیەنرێت و چالاکییەکانیشی لە بەهاری 2028 دەست پێ دەکات.
لە ئۆڵۆمپیادی 1996دا مەشخەڵەکە بە 42 ویلایەتدا گوزەری کردبوو، لە کاتێکدا لە خولی 1984ی لۆس ئەنجلۆسدا تەنیا 33 ویلایەتی بڕیبوو، بەڵام وا دیارە ڕێکخەران ئەم جارە دەیانەوێت بە هەموو ئەمریکادا بیگەڕێنن و ڕیکۆرد تۆمار بکەن.
یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی 2028 لە نێوان 14 تا 30ی تەممووزدا بەڕێوە دەچن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا