کێ بەرپرسیارە لە دۆڕاندنی هەڵبژاردەی عێراق ؟
نەبەز عەلى ئاسکە
تۆ بڵێیت هەڵبژاردەی عێراق وای لێهاتبێت بە شێر و خەت سەرکەوێت لە پاڵەوانێتی کەنداو؟ ئایا ئەمە ئەو تیپەیە کە نوێنەرایەتی عێراق دەکات ، ئایا ئەمە ئەو تیپەیە کە شایستەی جامی جیهانییە و بۆ ماوەیەکی درێژ بەشداربووی گەورەترین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بووە؟
کێ بەرپرسە لەم داتەپین و خراپبوونە و چۆن ئەوانەی بەرپرسی تۆپی پێی عێراقن دەتوانن هەستی45 ملیۆن عێراقی پشتگوێ بخەن تەنها لەبەر ئەوەی بڕیار و دەستێوەردانی سیاسی وایکردوە بەخواست و ویستی خۆیان بێت .
کێ بەرپرسیاری سەرەکیە لە دۆڕاندنی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیە ڕاهێنەر یان سەرۆکی ئیتحاد یاخود یاریزانان بەگشتی ؟
یونس مەحموود، وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق سەرکەوتوو بوو یان لەپێناو پلەو پۆست پشتی کردە هاوڕێکانی کە پێکەوە هەوڵیان دەدا ئەنجامەکەشی ئەم دۆڕاندنە بوو لە جامی کەنداو .
گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق هەر کەسێک تێگەیشتنێکی لە بنەماکانی تۆپی پێ هەبێت دەبێت هەر ستافێکی ڕاهێنەران سەرنجی بخەنە سەر بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی بەرامبەریان کەواتە ستافی ڕاهێنەرایەتی عێراق چییان کردووە ، تۆ بڵێی دەستێوەردان نەبوبێ لە دانانی یاریزانان و یاری پێکردنیان؟
هەڵبژاردەی نیشتمانیی سعوودیە تیمێکی بەهێزە و نەتانتوانی یاریان لەگەڵ بکەن و دیمەنی جوان پێشکەش بکەن.
چۆن توانیت ئەو هەموو مەترسییە بکەیت و تیمێک بخەیتە گۆڕەپانەوە کە یاریزانانی تێدابوو لە ڕووی جەستەییەوە ئامادە نەبوون و هەندێکی تریان بە سادەیی شایستەی ئەرکەکە نەبوون ؟ بۆچی ئەم بێماناییە لە هەڵبژاردنی تیمەکەدا ئەمە گاڵتەجاڕییە و تاوانێکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراوە دژی تۆپی پێی عێراق.
بۆچی سووریت لەسەر پشتگوێخستنی ئەو یاریزانانەی کە ناویان دەرکردووە، لە کاتێکدا ئەوانە دەهێنیتە نێو یاریگا کە شایستەی نین.
دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە یاریزان هەن کە بەسەر ئاڕنۆڵد سەپێنراون و ئەمە خۆی لە خۆیدا شەرمەزارییەکە بۆ مێژووی تۆپی پێ و بەشداربوو لە پاڵەوانێتێەکانی کەنداو ، تۆ بڵێی لە پاڵەوانێتی جامی ئاسیا ئەم سیناریۆیە دووبارە نەبێتەوە و هەریەک لەبەرپرسان هەوڵی سەپاندنی خۆیان نەدەن لە دیاریکردن و یاری پێکردنی یاریزانان .چاوەڕێ دەبین و دواتر دەردەکەوێت .
2 کاتژمێر پێش ئێستا