کۆرتوا بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر پشتیوانی ئێمباپێ دەکات و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی ڕیاڵ مەدرید، کەمتر لە مانگێک پێش ڕاگەیاندنی ناوی براوەی خەڵاتەکە لە شاری لەندەن، پشتیوانی خۆی بۆ کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی ڕاگەیاند لە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆردا.
کۆرتوا لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی (Radioestadio Noche) لە ڕادیۆی ئۆندا سێرۆی ئیسپانی گوتی: "باڵۆن دۆر؟ بەلای منەوە دەبێت ئێمباپێ بیباتەوە، ئەو یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە".
هەروەها گوتیشی: "لەو بڕوایەدام، خەڵاتەکە دەبێت بدرێت بەو یاریزانەی کە سەلماندوویەتی لەسەر ئاستی تاکەکەسی باشترینە لە جیهاندا لەم ساڵەدا، نەک مەرج بێت بدرێت بەو یاریزانەی کە زۆرترین نازناوی بەکۆمەڵی بەدەستهێناوە".
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە زیاتر ڕوونیکردەوە: "کاتێک سەیری یارییکردنی ئێمباپێ دەکەیت و دەبینیت چی لە یاریگەدا دەکات، لە بەهاکەی تێدەگەیت. من لەگەڵ هاوڕێکانم لە یانەکە و هەڵبژاردەکەش قسەم کردووە، هەمووان بەتەواوی سەرسامن بەو شێواز و خێراییەی کە بەرگریکاران تێدەپەڕێنێت وەک ئەوەی هەر بوونیان نەبێت، بێگومان ئەوە جگە لە ژمارە گۆڵکارییە نایابەکانی."
لە ئێستادا زۆربەی پێشبینییەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لە بەرژەوەندی کیلیان ئێمباپێ و لامین یامالی ئەستێرەی بەرشەلۆنەن، لە کاتێکدا هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، مایکڵ ئۆلیسی و هاری کەین بەهۆی ژمارە نایابەکانیانەوە بەهێزییەوە لە کێبڕکێکەدان.
1 کاتژمێر پێش ئێستا