دیمانەی تایبەت؛ گوتەبێژی ئەنسارولئەوفیا ئامانجەکانیان ئاشکرا دەکات و ئۆکرانیا بە هێرشی سەر سعودیە تۆمەتبار دەکات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی حوسێن فەتلاوی، گوتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵا ئەوفیا، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانی کەناڵ8 ئەیوب ڕەزا، وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت لەبارەی گرووپەکانی مقاوەمە و ئامانجی داهاتوویان لە عێراق دەداتەوە، هەروەها پەردە لەسەر مەرج و داواکارییەکانی مقاوەمە هەڵدەماڵێت سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک و دیدگای خۆیان بۆ سەروەریی عێراق ئاشکرا دەکات. فەتلاوی لەم دیمانەیەدا بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، کە دوای سەروەریی تەواوی بەدەستهاتوو لە عێراق، ئەوان ئیدی بیر لە چەک ناکەنەوە و بەتەواوی پابەندی بڕیارەکانی حکومەت دەبن. چەند نهێنییەکی هێرشەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەش ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو هێرشەی لە عێراقەوە کرایە سەر هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی سعودیە ئەوان نەبوون، بەڵکو ئۆکرانیا و چەند وڵاتێکی دیکە تۆمەتبار دەکات.

کەناڵ8: چۆن دەڕواننە ئەو وادە نوێیەی کە دیاریکراوە، مەبەستم 30 حوزەیرانی 2027 بۆ ڕادەستکردنی چەکی هەموو گرووپەکان، ئەوە ڕوودەدات؟ یان پرۆسەکە ئاڵۆزترە لەوەی ئێمە دەیبینین؟

عەلی فەتلاوی: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان ، درود و ستایش لەسەر پێغەمبەر و پێشەوای موسڵمانان، سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەم و سوپاسی کەناڵە ناوازەکەتان دەکەم  بۆ ئەم دەرفەتە و داوای لێبوردنیشتان لێدەکەم بەهۆی ئەوەی ئەرکتان کێشا و لە ڕێگای دوورەوە هاتوونەتە بەغداد، لە ڕاستیدا حوزەیرانی 2027 دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا. پێشووتر و  لەسەردەمی بەڕێز سوودانی ڕێککەوتن کرابوو سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەش یەکەم دەستپێشخەری بووە لە سەردەمی سوودانیدا. چەند هۆکارێک هەبوو ئەوکات کە سەرەتای پشێوییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، جەمسەری مقاوەمە دەیویست بەر بەو ئاڵۆزییانە بگرێت. بەو جۆرە بەرەی مقاوەمە لەگەڵ بەڕێز سوودانی ڕێککەوتنیان کرد بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە عێراق بەو مەرجەی هێزەکانی ئەمریکا، عێراق بەجێبهێڵن لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، بە کرداریش لەو کاتەوە تاوەکو ئەم ساتە وەختە مقاوەمە پابەند بووە بە بەڵێنەکەی خۆیەوە و سوور بووە لەسەر چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە هەموو چەک و جبەخانەکانیانەوە ، بەمجۆرەش مقاوەمە نابێتە سەرچاوەی هێرش و هیچ هەڕەشەیەک بۆسەر کەس، ئەم بیروباوەڕە لامان جێگیرە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

کەناڵ8: کەواتە ئێوە چۆن پابەند دەبن بە حوزەیرانی 2027، کە وادەیەکی کۆتایی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا؟

عەلی فەتلاوی: ئەوە پەیوەستە بە ڕاستگۆیی و پابەندبوونی ئەمریکا بۆ چوونەدەرەوەی لە عێراق، دواتر چەند مەرجێک لەلایەن گرووپەکانی مقاوەمەوە خراونەتەڕوو، کە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و لە سەروو هەمووشیانەوە سەروەریی خاک. ئێستا خەریکە بەجۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی خاک بە خواستی مقاوەمە بەدی بێت. بەگویرەی خواستی گەلی عێراقە و مقاوەمەش بەشێکە لە گەلی عێراق. دووەم. سەروەریی ئاسمان، تاوەکو ئێستاش پێشێلکردنەکان زۆرن بە بەردەوامیی ئاسمانی عێراق دەبەزێنرێت لەلایەن ئەمریکاوە. سێیەم، پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە وەزارەتی بەرگریی عێراق تاوەکو بتوانێت بەرپەرچی هەر هێرش و پەلامارێکی ئاسمانی بداتەوە کە لە وڵاتانەوە دەکرێتە سەری. ئەم سێ خاڵە داواکاریی بنەڕەتییە و هەندێک مەرجی دیکەش هەیە کە پەیوەستن بە ئابوورییەوە. لەکاتی ئێستاشدا بە بۆچوونی من مقاوەمە ڕەچاوی بارودۆخی سیاسی عێراق دەکات، چونکە لە ئێستادا قورسە بتوانین دۆلار و داهاتمان لە دەستی ئەمریکا دەربهێنین.

کەناڵ8: ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی دێت؟ یان ڕەنگە بەجۆرێکی دیکە ڕووبەڕوو ببنەوە؟

عەلی فەتلاوی: هەموو ئەوانە بە دەستی خودی ئەمریکایە ، ئەگەر ئەمریکا پابەند بوو، ئەوا مقاوەمە پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نامێنێت و ئارەزووی شەڕ ناکات، بەڵام ئەم شتانە لەسەرمان فەرزکراوە، ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی بێت و پابەندی قسە و بەڵێنەکانی بێت لەگەڵ وڵاتان، بەڵام بە بیروبۆچوونی من ئەوە ڕوو نادات و ئەمریکا چەندین ڕووخساری هەیە و پابەندی هیچ بەڵێنێک نابێت و خۆی بە هیچ پەیمانێکەوە نابەستێتەوە کە دەیدات، بۆیە من دەڵێم لە دەستی ئەمریکادایە؛ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوێت ئەوە ئامادەین، ئەگەر دۆخی ئاشتیی ڕاستەقینەشی دەوێت بۆ خودی خۆی ئەوە کێشەمان نییە و پابەندیشین بە فەرمانەکانی حکومەتی عێراقەوە.

کەناڵ8: ئێوەش لە عێراقەوە درێغیتان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەکردووە؟

عەلی فەتلاوی: چاوەڕێی چی دەکەی کاتێک شەهیدمان دەکەن و دەمانکوژن، کوڕەکانمان ماوە نا ماوەیەک هێرشیان دەکرێتەسەر و بۆردوومان دەکرێن و بریندار و کەمئەندام و شەهید دەبن، بۆیە هەموو ئەمانە پەرچەکرداری مقاوەمە دروستدەکات، ئەگەر ئەم هێرشانە نەکرایەتە سەر ڕۆڵەکانمان و پێگەکانمان و بارەگا و سەرکردەکانمان، ئەوا ئێمەش هیچ هێرش و وەڵامێکمان نەدەبوو، دواتر داواکارییەکانی مقاوەمە زۆر ڕوون و ئاشکران، ئەویش سەروەرییە بەرامبەر بە دانانی چەک، مەرجەعیەتیش هەمان داواکاریی هەیە. ئەمڕۆ مەرجەعیەت سێ پایەی دیاریکردووە، پایەی یەکەم سەروەرییە، پایەی دووەم بەگژداچوونەوەی گەندەڵییە، پایەی سێیەمیش کۆکردنەوەی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا. هەندێک هێز و لایەنی ناوخۆی و دەرەکی هەیە کە دەیەوێت گۆڕانکارییەکان لە خوارەوە دەستپێبکات و نایانەوێت لە سەرەوەی هەرەمەکەوە بێتە خوارەوە. لووتکەی گۆڕانکارییەکان لای ئێمە سەروەرییە، بەڵام ئەو هێز و لایەنانەی دژبەری ئێمەن دەیانەوێت سەرەتا چەکمان داماڵن پاشان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دواتر سەروەری. واتە دەیەوێت چەکمان بکات و دواتر پرسی سەروەریی گرێدراو بێت بە ئەمریکاوە، لە کاتێکدا ئێمە کوڕی ئەم خاکەین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین.

کەناڵ8: لای ئێوە تێگەیشتن هەیە بۆ ئەمە؟

عەلی فەتلاوی: بەڵێ، ئەوە نەگۆڕە لامان، سەروەریی بەرامبەرە بە چەک دانان، بەم جۆرەش گرووپەکانی مقاوەمە دڵنیا دەبنەوە لە سەروەری بەو سێ مەرجەی باسمان کرد ئەوکات کێشەمان نییە لەگەڵ ڕادەستکردنی چەک.

کەناڵ8: هەندێک زانیاریی بە ئێمە گەیشتوون، کە دەگوترێ گرووپەکان داوای دوو ساڵیان کردووە بۆ چەکدانان، هەندێکیش دەڵێن ساڵێک، بەڵام دوا قسەی سەرۆکوەزیران نۆ مانگە، ئایا بەو نۆ مانگە پرۆسەکە تەواودەکرێت؟

عەلی فەتلاوی: وەکو باسم کرد ئەوە پەیوەستە بە ئەمریکاوە، کاتێک سەروەریی ڕاستەقینەمان دەبێت ئیدی ئێمە کێشەیەکمان نییە و تەنانەت ئەگەر لەماوەی دوو مانگیش بێت ئێمە پابەندی چەکدانان دەبین. تەنیا دوو مانگ بەسە ئەگەر بێت و سەروەریی ڕاستەقینە بێتەدی، بەو بۆنەیەوە هەندێک تەنیا بە بوونی ئەمریکای دەبەستنەوە، بەڵام ئێمە دەڵێین ئەمریکا و هەموو ئەوانەی بیانین و لەسەر خاکی عێراقن دەبێت بچنە دەرەوە، ئیدی هەر هێزێکی بیانی بێت لای ئێمە داگیرکارە جا لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت، بەڵام ئێمە هەلێکمان پێداون و پێمان وایە ئەمە هەلێکی زێڕینە و دەبێت بیقۆزنەوە بۆ کشانەوە لەم کاتەدا، کە ناوچەکە ڕووبەڕووی پشێوی و ئاڵۆزی بووەتەوە. هەروەها ئەو گوشارە ناوخۆییانەی لە ئەمریکادا هەن، بۆیە لاوازییەکی زۆریان هەیە و ناتوانن لەوە زیاتر بەرگەبگرن. هەربۆیە دەیڵێمەوە کە ئەمە دەرفەت و چانسێکی زێڕینە بۆ هەموو ئەو هێزە سەربازییانەی لەسەر خاکی عێراقن بکشێنەوە، دەبێت ئیتر سەقامگیریی و ئارامی بەشی عێراق بێت و خاوەن بڕیاری سەروەریی بێت.

کەناڵ8: تاوەکو چەند سەقامگیریی عێراق دەبەستنەوە بە سەقامگیریی ئێرانەوە؟

عەلی فەتلاوی: سەرەتا با ئێمە خوێندنەوە بۆ نەخشەی هەرێمایەتی بکەین، کاتێک ئەمریکا لەوپەڕی جیهانەوە دێت، هێز و دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت بەسەر ڕۆژئاوای ئاسیادا، قۆناغ بە قۆناغ ئەم ئەجێندایە جێبەجێ دەکات؛ تورکیا، ئازەربایجان، عێراق، سعودیە و کوەیت تاوەکو دەگاتە ئەوەی ناوچەیەکی دیاریکراو گەمارۆ بدات، ئێمە وەک گرووپەکانی مقاوەمە بەباشی مەرامەکانی پشت ئەم هەنگاوانە دەزانین و بەدڵنیاییەوە لێی بێ ئاگانین، ئەم بەرەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتە بەسەر ناوچەکەدا کە بۆ هاوکاریی ئیسرائیلە، ئەگەر ئەو دوو هۆکارە بەیەکەوە کۆبکەینەوە دەبینین دۆخی ئابوورییەکە گرنگە بۆ ئەمریکا و دۆخی بیروباوەڕیش پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە، بۆیە ئێمە لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو پرسەداین، ئابووری وەکو عێراقی بەلامانەوە گرنگە و ناتوانین دەستبەرداری سەرچاوەکانمان بین، عەقیدەش بەلامانەوە گرنگە و بە هەمان شێوە ناتوانین دەستبەرداری ببین، بیروباوەڕی ئیسلامی پێمان دەڵێت دینمان و دواتر نیشتمان. ئێمە ئامادەین هەموو شتێک پێشکەشی نیشتمان بکەین تەنانەت تاوەکو خوێنی خۆشمان. قوربانی و شەهیدمان پێشکەش کردووە، بەڵام کاتێک دەگاتە دەستبردن بۆ بیروباوەڕ، ئەوا ئەمریکا ڕوویەکی دیکە و کەسانی دیکە دەبینێت لەو بارودۆخەدا، من لەو باوەڕەدام پرسی ئێران و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بابەتێکی بیروباوەڕییە هەروەکو چۆن لە پرسی قودس بە بیروباوەڕەوە مامەڵەمان کرد، هەرچەندە قودس دوورە لێمانەوە.

کەناڵ8: بە ڕای ئێوە ئێستا ئێران بەهێزتر بووە لە پێشتر، یان وەک هەندێک بەرپرسی ئێرانی خۆشیان دەڵێن، ئێستا ئێران بریندارە؟

عەلی فەتلاوی: نەخێر..  نەخێر، بە دڵنیاییەوە بەو جۆرە نییە، ئەگەر بریندار با ئەوا گورگان خوارد دەبوو، دڕندەکان دەیانخوارد، بە پێچەوانەوە ئێران حەوت بەرەی جەنگی کردووەتەوە، حەوت بەرەی جەنگ لە یەک کاتدا ، ئەو حەوت بەرەیە خاوەنی چەکی وێرانکەرە و بە توانایە. بۆ زانیاریت سەرکردایەتی باڵا ریزی یەکەمی شەهید کران، سەرکردایەتیی ڕیزی دووەمیش شەهید بوون، سەرکردایەتیی ڕیزی سێیەمیش هەموو شەهید کران. منداڵانیش بێبەش نەبوون لە قوربانی و ژێرخانی وڵاتەکە خاپوور کرا، بەڵام ئێران خۆی بەدەستەوە نەدا و ئەمریکا دەپاڕێتەوە کە گەرووی هوورمز بکاتەوە، کەچی لە جیاتی گەرووی هوورمز بکاتەوە ئێستا گەرووی بابولمەندەبیشی داخستووە.

کەناڵ8: لێدوانێکی پێشترت هەیە دەڵێیت گرووپەکانی مقاوەمە سەر بە ئێران نیین، دەمەوێت ئەمە زیاتر ڕوون بکەیتەوە، چونکە ئەو لێدوانە تەواو پێچەوانەی ڕاڤەی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ گرووپەکانی مقاوەمە؟

عەلی فەتلاوی: لە ڕاستیدا ئەگەر ئێستا بێینە سەر خاڵە کۆکەرەوەکانی نێوان عێراق و ئێران، چەندین خاڵی کۆکەرەوەمان هەیە، لە سنوورەکانەوە بۆ دراوسێیەتیی باش و دەست و دڵفراوانیی، لەکاتێکدا زیاتر لە 50 ساڵە گەمارۆ و سزای لەسەرە، بەڵام لەگەڵماندا دەستکراوە بووە و ڕەزیلی نەکردووە. پاشان لە ناوجەرگەی جەنگەکاندا ئێران هەمیشە پشتوپەنامان بووە، کاتێک یەک لەسەر سێی عێراق کەوتە دەستی داعش. دوو لێدوانی پشتڕاستکراوە هەن کە بەڕێز حاکم زاملی و بەرێز مەسعود بارزانی گوتیان داوای هاوکاریمان لە ئێران کردووە و بۆ بەیانییەکەی گەیشتووە. بەڕێز حاکم زاملی دەڵێت داوامان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد چەکمان پێبدەن، ئەو کات 2014 بوو، بەڵام ئەمریکییەکان پێیان گوتوون 2020 دەگاتە دەستتان. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەو داعشەی بە 11 کاتژمێر سووریای گرت، وابزنم 10 کاتژمێریش بوو دواتر داعش بەڕێوە بوو بۆ عێراق، بۆیە من دەڵێم کاتێک شەو کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی پێدای بۆ بەیانییەکەی جێبەجێ کراوەو هاوکارییەکان گەیشتوون. ئەم زوو بە دەنگەوەهاتنە دەرخەری ئەو ڕاستیانەیە کە ئێران تاوەکو چەند پەرۆشە، ئێران ئەمڕۆ دوژمنی زۆرە و ئەمریکا 12 ڕۆژ هێرشی کرد و دواتر 40 ڕۆژ هێرشی بەردەوامی کرد و ڕایگەیاند ناتوانن بەردەوام بن و جبەخانەکانیان چەکی تێدا نەماوە. گوتیشیان ناتوانن چەک و پاڵپشتی بە ئۆکرانیا بدەن، ئێران دڵنیایە و ئاگادارە لەوەی کە هەموو چواردەورەکەی چاوەڕوانن کە دەرفەتێک بێتە پێشەوە و لاواز بێت و زەفەری پێبهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا پەرۆشی عێراق بووە و چەکەکەی خۆی پێداوە تاوەکو عێراق لەو کاتەدا لە داعش ڕزگای ببێت. لە جەنگی 12 ڕۆژەدا ئێران لە ژێر بۆردوومانێکی زۆر تونددا بوو، بەسەدان شەهیدی پێشکەشکرد و سەرکردەکانی شەهید بوون لەو کاتەشدا گرووپەکانی مقاوەمە لە ئامادەباشیدا بوون بۆ وەڵامدانەوە بە حوکمی دراوسێیەتی، بیروباوەڕ، ستمەلێکراوی، بیرمان نەچێتەوە کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە گوتوومانە لەگەڵ ستەملێکراوین لە هەر جێگایەک بێت، بەڵام حکومەتی عێراق داوایکرد کە نەچینە ناو ئەو جەنگەوە و بیروباوەڕی سیاسی خۆمان خستەگەڕ و نەمانویست عێراق پەلکێشی جەنگێک بکەین کە کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر وڵات، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەت ئەگەر گرووپەکانی مقاوەمە سەر بە ئێران بوونایە نەدەبوو فەرمان لەو ساتە وەختەدا لە ئێرانەوە وەربگرێت؟ ئەی بۆچی ئەوە ڕووینەدا! بۆچی ئێران نەیسەپاند بەسەر گرووپەکاندا و نەیگوت ئەوە فەرمانە و دەبێت بچیت بجەنگیت و چەکەکەی دەستت هی منە، بۆیە ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئێمە سەر بە ئێران نین، ئێمە سەرکردەی سەربازین و فەرمان لە سەرکردەکانی گۆڕەپانی ناو عێراق وەردەگرین، دەشڵێین بەڵێ هاوسۆزین لەگەڵ ئێران و خۆشمان دەوێت، بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی، هاوسۆزی و پشتگیرییەی بۆ ئێمەی عێراقی و تەواوی گەلی عێراق هەیەتی،  لەبەرامبەریشدا ئێمە سەر بە ئێران و هیچ وڵاتێکی دیکە نین، نە ئێران، نە پاکستان و نە ئەمریکاش، بۆیە تەواوی سەرکردەکانی مقاوەمە تەنها فەرمان لە عێراقەوە وەردەگرن.

کەناڵ8: ئەمیندارەکەتان شێخ حەیدەر غەڕاوی، یەکێکە لە داواکراوەکانی ئەمریکا لە لیستی تیرۆر، ئێوە چۆن پارێزگاریی لێ دەکەن، کە ئەو هێشتا لە عێراقە و دەرکەوتنیشی هەیە؟

عەلی فەتلاوی: بەڵێ ئەو لێرەیە، نە من و نە کەسی دیکە ناتوانێت پێی بڵێت خۆت لە ژێرزەمیندا بشارەوە وەک کەسانی دیکە، ناشتوانین پێی بڵێین لە مقاوەمە دوور بکەوەرەوە، چونکە ئەم پەیڕەوە لە خوێنیدایە و لە مێشک و خودی خۆیدایە. ئەو ئامانجێکی هەیە و شەهیدبوونی هەڵبژاردووە، ئێمەش یەکێکین لەو کەسانەی کە لە نوێژەکانماندا نزا دەکەین و لە خودا دەپاڕێینەوە شەهادەتمان بە نسیب بکات. ئەم نزایە لای شێخ حەیدەر، شێخ قەیس خەزعەلی و ئەبو ئالاء و هەموومان هەیە و بەردەوام داوای دەکەین، بۆیە تاکە شت کە لای شێخ مەبەستە و بۆی بەپەرۆشە ئەم پرسەیە و پێش ئەویش زۆرمان هەبووە و لە دوایین جاریشدا سەید خامنەیی بوو، کە لە ماڵەکەی خۆیدا شەهید کرا و بە بەهێزترین چەک لێی درا ، خۆی و خێزانەکەشی، ئەم سەرکردانە بۆ ئێمە ڕابەر و پێشەوامانن و شانازییان پێوە دەکەین.

کەناڵ8: پەیوەندیتان بە هێرشی بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئوردن چی بوو؟ ئێوە کردتان وا سزاکان ئێوەی گرتەوە؟

عەلی فەتلاوی: تەماشا بکە سەرەتا ئەو کاتەی بۆردوومانی ئوردن کرا ، ئایا بۆردوومانی خەڵکی سڤیل یان سەربازی ئوردنی کرا ، ئەوە بنکەی ئیسڕائیلی بوو بۆردوومانکرا .ئەوانە لە بنەڕەتدا ئیسڕائیلی بوون ، ئەگەر بمانەوێت بە ئامانجی بگرین ئێمە تەنها دووژمن بە ئامانج دەگرین. ئێمە وەکو پەیڕەوی ئیسلام فێری کردووین دەبێت خەڵکانی بێتاوان بە ئامانج نەگرین. بۆیە تەنها و تەنها دووژمن بە ئامانج دەگرین و کەسی دیکە ناکەینە ئامانج ، ئەوەش لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و دەفەرموێت؛ "ئەوانە بکوژنەوە کە دەتانکوژن"، بۆیە ئێمەش تەنها ئەوانەی دەمانکوژن دەیانکوژینەوە. ئێمە کارمان بەسەر موسڵمان یان کرستیانەوە چییە کە هیچ گوناهێکیان نەبێت. خوداش فەرمان ناکات بە کوشتنی ئەوانەی کە بکوژمان نین، بۆیە ئێمە پێمان وایە و بیروباوەڕمانە کە ئەم جەنگە جەنگی موسڵمان و کافرەکانە، لە هەر جێگایەک کە کافرەکان بمانکوژن ئەوا ئێمەش دەیانکوژینەوە، بەدەر لەمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکی دیکەدا نییە، ئەگەرهاتوو جوویەکی سڤیل یاخود کرستیانێکی سڤیل یان سووننەیەکی هەڵگری بیروباوەڕی داعشی نەبێت کە کوشتن حەڵاڵ دەکات.

کەناڵ8: کێ دەستپێشخەری ئەو هێرشانە بوو کە کرایە سەر سعودیە، مەبەستمان هێرشی سەر هێڵە نەوتییەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سعودییەیە؟

عەلی فەتلاوی: من لە ناو ئەم میحوەرەدام ، چەند بیروباوەڕێکی جێگیرمان هەیە و لەنێوانیشیاندا ئازایەتییە، ئێمە وەکو (نەعامە) نین، بۆ ئێمە ئازایەتییە کە هەر وڵاتێک دژمان بووەستێتەوە هێرش بکەینە سەری و شەرەفێکە بۆمان و نایشارینەوە، بەڵام شتێک کە ئێمە نەمانکدبێت گوتوومانە کە ئەو شەرەفەمان پێنەبڕاوە، ئیدی بۆ ئەمڕۆ خۆم بکەمە خاوەنی. بۆیە هێرشەکەی سعودیە ئێمە نەبووین، ئەگەر ئێمە بووینایە و وەکو نەعامە سەری خۆمان بشاردایەتەوە، ئەوە بێگوومان لەگەڵ شەرەفی مقاوەمە و بەرگی مقاوەمە یەکناگرێتەوە، بۆیە گرووپەکانی مقاوەمە ڕایانگەیاندووە کە ئێمە نەبووین ، سعوودیەش هیچ بەڵگەیەکی نییە کە مقاوەمە هێرشەکانی کردووە، بۆیە هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی و شەهیدبوونی 20 کەس و برینداربوونی 36 کەس تۆڵەسەندنەوەیەکی بێ بنەما بووە و ئێمە زوڵممان لێکراوە. کاتێک کە ببینین سعوودیە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و عورف و عاداتی ئیسلامی، سیاسەت و ڕێکارەکان نابێت ئەو کاتە وەڵامێکی دیکەمان بۆی دەبێت. چەندین جاریش جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەستی دەرەکی لەپشت هێرشەکانی سەر سعودیەوە بووە، جا ئیسرائیلی بێت یاخود ئۆکرانیا یان بەکرێگراوی دیکە بن.

کەناڵ8: مەبەستت چییە لەوەی ئێوە نین و دەستی دەرەکییە، کێی دیکە بەرژەوەندیی لە لێدان و هێرشکردنە سەر سعودیە هەیە؟

عەلی فەتلاوی: ئەوە چەند دەروازەیەک لەخۆ دەگرێت. دەروازەیەکیان پەیوەستە بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، وەکو دەزانن زۆرێک لە برایان و خەڵکی عێراق چوون و بەشداری ئەو جەنگەیان کردووە و لەبەرەی ڕووسیا بوون و لەبەرامبەریشدا هەندێکی دیکە چوونەتە شەڕ و لەبەرەی ئۆکرانیا بوون، ئەوەش دوو بەرەی دژ بەیەکە، بەم جۆرە ئۆکرانیا شەڕ بۆ سووننە و ڕووسیا شەڕ بۆ شیعە دەکات، بابەتێکی دیکە ئێمە لە عێراق سنووری بەزێنراومان هەیە، سنووری سووریا ، سعوودیە یان کوەیت لەگەڵ عێراق کۆنتڕۆڵ نەکراوە و بەڵگەش بۆ ئەمە دۆزینەوەی بنکەی ئیسڕائیلی لە بیابانی نەجەف. ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی دزەپێکردنی ئیسرائیل هەیە، خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئۆکرانیا دەیەوێت بەشێک لە عێراق سزا بدات کە ئەویش باشوورە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕۆیشتوون بۆ ڕووسیا و لە دژی ئۆکرانیا جەنگاون، با لای هەمووان ڕوون و ئاشکراش بێت کە ئەو کەسانە بەهیچ جۆرێک سەر بە مقاوەمە نین، ئەو کەسانەی ڕۆیشتوون بۆ جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دوور و نزیک سەر بە مقاوەمە نین، حکومەتی عێراقیش خۆی بێبەری کردووە لێیان و من ناویشیان بە بەکرێگراو دەبەم، ئەم نازناوە لای ئێمە باوە کە هەرکەسێک بچێتە دەرەوەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە جەنگ ئەوە بەکرێگیراوە، چونکە ئەوە لەپێناو بیروباوەڕدا نەڕۆیشتووە، بەڵکو لەپێناو پارە و سوودی کەسییدا ڕۆشتووە، کەواتە وەکو باسم کرد ئەم دۆخەی لە باشوور دروستبووە ئەمە سەرچاوەکەی بووە، کە ئۆکرانیا لە رێگای عێراقەوە هێرش بکاتە سەر سعوودیە و ئاژاوە بخوڵقێنێت، لایەنێکی دیکە کە ئێمە بە تاوانباری دەزانین ئیسرائیلە، کە بەهۆی ئەو بنکەیەی لە نەجەف دروستیکرد بۆ ئەو مەبەستە بووە و ئۆکرانیاش بۆ ئازاردانی باشووری عێراق دژ بە سعوودیە ئەو کارەی ئەنجام داوە، ئەمانە شیکردنەوەی من بووە.

کەناڵ8: هەڵوێستتان بەرامبەر هەرێمی کوردستان چییە؟

عەلی حسێن : ئێمە لە دوو دیدگاوە تەماشای هەرێمی کوردستان دەکەین، یەکەمیان خاکە و دووەمیان حکومەتە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ناتوانین جیاوازی بکەین، ئەو کرێچی نییە لەم نیشتیمانە و خاکی خۆیەتی، بەشێکیشە لە حکومەتەکەم، بۆیە مامەڵەکە بەگوێرەی مامەڵەی سیاسی دەبێت، ئەگەر لە ڕوانگەی بیروباوەڕیشەوە قسەیان لەسەر دەکەیت ئێمە دەڵێین ئەوان برای ئایینیمانن و هاوشێوەی من دروستکراوی خودای گەورەن و ئەم دووەش کۆیکردووینەتەوە ، بۆیە مامەڵەیان لەسەر بنەمای برایەتی لەگەڵ دەکەین ، پێشووتریش ڕۆڵی ئەرێنیمان هەبووە لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەردەمی حەشدا بووە، کێشمەکێشی سیاسی ڕوودەدات، بەڵام ناگاتە ئاستی دابڕان یاخود شەڕی ڕاستەقینەی نێوان براکان، وەک چۆن برایانمان لە هەرێمی کوردستان دەبینین هەر بەو شێوەیەش برایانمان لە ڕۆژئاوای عێراق دەبینین. ئەوان برای ئێمەن لە خاک و نیشتمان، بۆیە ناتوانین دەستبەرداریان بین، ئەگەر ئەوانیش بیانەوێت خۆیانمان لێ بێبەری بکەن، ئەوا ئێمە خۆمانیان لێ بێبەری ناکەین، بۆیە بیروباوەڕمان نەگۆڕە لەسەر بنەمای برایەتی نیشتمانپەروەری. پێویستیشە نزیکبوونەوە و تێکەڵاوی بیروباوەڕی لەنێوان گرووپەکانی مقاوەمە و برایانی هەرێمی کوردستان هەبێت.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا