سزایەکی قورس چاوەڕێی کریستیانۆ دەکات

مەستان حوسامەدین 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • هەواڵی ماڵئاوایی کریستیانۆ لە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی پۆرتوگال هەرای ناوەتەوە
  • کریستیانۆ بەهۆی ئەوەی بەشداریی پێنەکرا لە یاریی نەرویج ناڕەزایی دەربڕی
  • گوایە پێشتر خیسۆسی ڕاهێنەر لەگەڵ کریستیانۆ ڕێککەوتنی کردووە بەڵام بەڵێنەکەی شکاندووە
  • لەوانەیە کریستیانۆ بۆ سەش مانگ دووربخرێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆژنامەی ڕێکۆردی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی ڕاهێنەر خۆرخێ خیسۆس و یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال سەبارەت بە دۆخی لەناو هەڵبژاردەکەدا تووڕە و ناڕازییە.
سەرچاوەی ئەم کێشەیە بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە؛ چونکە پێشتر لە نێوان کریستیانۆ و ڕاهێنەردا ڕێککەوتن کرابوو کە ڕۆناڵدۆ لە هەردوو یاریی ناوخۆدا بەشداریی سەرەکی بکات. بەڵام خیسۆس لە دوا ساتەکاندا بڕیارەکەی گۆڕی و داوای لە ڕۆناڵدۆ کرد بۆ یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج لەسەر کورسیی یەدەگ دابنیشێت و بەڵێنی پێدا لە گێمی دووەمدا بیخاتە ناو یاریگاوە.
سەرەڕای ئەو بەڵێنە، گۆڕانکارییەکە هەرگیز ئەنجام نەدرا و کریستیانۆ بۆ تەواوی کاتی یارییەکە لەسەر کورسیی یەدەگ مایەوە، کە یەکەمجارە کریستیانۆ لە دوای 2008 تەواوی یارییەک لەسەر کورسی یەدەگ بێت لەگەڵ پۆرتوگال.
دەستەی ڕاهێنەران پاساوی ئەوەیان هێنایەوە کە بەهۆی ڕەوتی یارییەکەوە نەیانتوانیوە ئەو گۆڕانکارییە تاکتیکییە ئەنجام بدەن.
ئەم ڕەفتارە و شکاندنی بەڵێنەکە بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری ڕۆناڵدۆ، و وای لێکردووە داوای کۆبوونەوەیەکی ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕاهێنەر و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی بکات تاوەکو بارودۆخەکە ڕوون بکەنەوە و دڵنیا ببێتەوە کە هێشتا وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆژەی نیشتمانیی پورتوگالدا سەیر دەکرێت، هەتاوەکو وایلێهات رۆژی چوارشەممە کەمپی مەشق وڕاهێنانەکانی جێهێشت و ڕاستەوخۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا گوتی:

کریستیانۆ کاتی وازهێنانی هاتووە؟ پەیامەکەی چی دەگەیەنێت؟

کریستیانۆ لە پۆستی ئینستاگرام نوسیویەتی:

دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی هەڵبژاردەی نیشتمانی، و لە دوای گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، بڕیارم دا کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی نیشتمانی جێبهێڵم.
لە کاتی گونجاودا ڕاستییەکان بە تەواوی بە گەلی پۆرتوگال دەڵێم سەبارەت بەو هۆکارانەی هانیان دام هەڵبژاردەی نیشتمانی جێبهێڵم، ئەو هەڵبژاردەیەی کە هەمیشە خۆمم بۆ تەرخان کردبوو.
ئێستا کاتی ئەوەیە هیوای سەرکەوتن بۆ پۆرتوگال و تەواوی هاوڕێکانم بخوازم، بێ بەدەرکردنی هیچ کەسێک.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە پۆستی ئینستاگرام.

لەوانەیە ڕۆناڵدۆ بۆ شەش مانگ دووربخرێتەوە


ئەی بۆلا ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە تەمبێکارییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕووبەڕووی ئەگەری سڕکردنێکی قورس دەبێتەوە، کە دەگاتە 6 مانگ، ئەوەش بەهۆی جێهێشتنی کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی.

مەستان حوسامەدین

1 کاتژمێر پێش ئێستا