پۆلیسى هەرێمى کوردستان: مەفرەزەکانى هاتوچۆ بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێمۆڵەت
ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پۆلیسى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، مەفرەزەکانى هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێمۆڵەت.
- پۆلیسى هەرێمى کوردستان: لە14 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار پارچە چەک تۆمارکراوە.
- زۆرینەى ئەم چەکانە مۆڵەتى هەڵگرتن بە خاوەنەکەى نەدراوە.
کارزان ئەمیر، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پۆلیسى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە هەرێمى کوردستان بە یاسا ڕێگرى لە دیاردەى چەکدارى کراوە و هەرکەسێک چەکى بێمۆڵەتى پێبێت دەست بەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت، لە سەرجەم شار و ناوچەکان مەفرەزەکان بەردەوام لێپێچینەوە دەکەن.
تۆمارکردنى چەکى بێمۆڵەت
- پۆلیسى هەرێمى کوردستان: لە ساڵانی 2023 و 2024، 14 مانگ مۆڵەت بە هاونیشتمانییان درا بۆ ئەوەى چەکەکانیان تۆماربکەن.
- ئەوانەى چەکەکانیان تۆمارنەکرد، ئێستا دەتوانن بچن داواکارى بۆ دەستەدارى یان هەڵگرتنى چەک بکەن کە دوو مۆڵەتى جیاوازە.
- ئەو کەسەى مۆڵەتی دەستەدارى چەکى هەبێت ناتوانێت چەک لەناو ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆى بگێڕێت، بەڵام مۆڵەتەکانیش بۆ هەڵگرتنى چەک ئاسان نییە و چەند مەرجێکى هەیە.
- چەک لە کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان تۆماردەکرێت.
- دۆخى هەرێمى کوردستان سەقامگیرە و هیچ بیانوویەک نییە کە هاونیشتمانى چەکى لابێت بەناوى ئەوەى بەرگرى لەخۆى دەکات.
زۆرینەى دامودەزگاکانى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، شوێنى تایبەتیان تێدا دروستکراوە و کارمەند پێویستى بەوەنییە چەک لەگەڵ خۆى بباتەوە ماڵەوە و ئەمەش ڕێگرى دەکات لە کەمکردنەوەى تاوان.
لە هەرێمى کوردستان بە یاساى ژمارە دووى ساڵى 2022 ڕێگرى لە دیاردەى چەکدارى کراوە و دەستى مەفرەزەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ واڵاکراوە دەست بەسەر چەکى بێمۆڵەت بگرن.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
ئارام قەرەداغی
1 کاتژمێر پێش ئێستا