گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەسیوپیا و ئەریتریا و میسر لە فراوانبووندان

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەفریقا
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەفریقا

پوختەی هەواڵەکە

  • لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا شەڕێکی نوێ لە سەر ئاو درووست دەبێت.
  • دوای توندبوونەوەی ناکۆکییەکان لەو ناوچەیە، ئەسیوپیا و ئەریتریا و میسر لە لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدان.
  • شەڕی ناوخۆیی ئەسیوپیا لە ناوچەی تیگرای و دەوروبەری سەریهەڵداوە.
  •  ئەسیوپیا باڵیۆزخانەکەی لە ئەریتریا داخست و 10  دیپلۆماتکاری ئەریتریی لە وڵاتەکەی دەرکرد.
  • لە بەرامبەردا، ئەریتریا بە تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەسیوپیا پچڕاند.

بەهۆی ناکۆکی و گرژییەکان لە سەر ئاوی ڕووباری نیل ، ئەسیوپیا دیپلۆماتکارێکی باڵای میسری لە ئەدیس ئەبابا دەرکرد و 48  کاتژمێر مۆڵەتی پێدان تاوەکو وڵاتەکە جێبهێڵێن. میسریش دەستبەجێ مامەڵەی هاوشێوەی نواند و ڕاوێژکارێکی باڵیۆزخانەی ئەسیوپیای لە قاهیرە دەرکرد.


مەترسی ڕوودانی جەنگ لە ئەفریقا

  • لە ڕووی سەربازیەوە وڵاتان پێگەی خۆیان لە دەوروبەری ئەسیوپیا، بەتایبەت لە سۆماڵ و لە دەریای سوور بەهێز کردووە.
  • سۆماڵیش پشتیوانی لە ئەریتریا و میسر دەکات دژ بە ئەسیوپیا.
  • یەکێتیی ئەفریقاش بە پەلە داوای لە هەر سێ وڵاتی ئەسیوپیا، ئەریتریا و میسر کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆی تێکدانی زیاتری ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکان بۆچی دەگڕێتەوە؟

ڕەگ و ڕیشەی کێشەی ئەسیوپیا لەگەڵ ئەریتریا و میسر پەیوەندیی بە ململانێی جیۆپۆلەتیکی، مافی دەستڕاگەیشتن بە دەریا و دابەشکردنی ئاوی ڕووباری نیلەوە هەی، کە ئێستا دۆخەکە بە خێرایی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ڕۆیشتووە و گەیشتووەتە قۆناغی بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

با سەرەتا لە کێشەی نێوان ئەسیوپیا و ئەریتریا دەست پێ بکەین، ئەریتریا ساڵی  1993  لە ئەسیوپیا جیا بووەوە و بەو هۆیەوە ئەسیوپیا بووە وڵاتێکی دەرچە داخراو 'واتە بێ بەندەر' کە هیچ خاکێکی وڵاتەکە نابەسترێتەوە بە دەریاوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2018  ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوانیاندا واژۆ کرا و لە شەڕی ناوخۆیی تیگرای لە ساڵانی 2020  بۆ 2022  پێکەوە دژ بە بەرەی تیگرای شەڕیان کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان دووبارە تێکچوونەوە، هۆکاری سەرەکیش خواست و لێدوانە بەردەوامەکانی ئابی ئەحمەد، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا بوو، بۆ بەدەستهێنانی دەرچەیەک لە سەر دەریای سوور، واتە بەستنەوەی وڵاتەکەیان بە دەریاکەوە، ئەمەش لەلایەن ئەریتریاوە وەک هەڕەشە بۆ سەر سەروەری خاکەکەی و بەندەری عەسەب لێکدرایەوە، جگە لەوەش لەمدواییانەدا سەرهەڵدانەوەی کێشەکە بەهۆی بەهێزبوونەوەی بەرەی یاخیبووانی تیگرای بوو، کە دژ بە حکومەتی ئەسیوپیا لە شەڕدان و ئەدیس ئەبابا، ئەسمەرە تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیکردنیان.

ئەی کێشەی ئەسیوپیا و میسر چییە؟
کێشەی سەرەکیی ئەم دوو وڵاتە لەسەر ئاوە، یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی ڕووباری نیل لە ئەسیوپیاوە هەڵدەقوڵێت، کە بە نیلی شین ناسراوە، گرفتەکەش بە پلەی سەرەکی بەنداوی گەورەی ڕێنیسانسی وڵاتی ئەسیوپیایە، کە لەسەر ڕووباری نیلی میسر درووست کراوە و قاهیرە بە توندی دژایەتیی ئەم پڕۆژە دەکات و دەڵێن، پشکی مێژوویی ئەوان لە ئاوی نیلی شین کەم دەکاتەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئاوی و ژیانی هاووڵاتیانیان. لە بەرامبەردا، ئەسیوپیا بونیادنانی بەنداوەکە و پڕۆژە ئاوییەکانی دیکەش بە مافی خۆی دەزانێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بەرهەمهێنانی کارەبا. ململانێکە لە هاوینی ڕابردوودا قورستر بوو، کاتێک ئەسیوپیا پلانێکی ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی سێ بەنداوی دیکە لەسەر ڕووباری نیل.

لە هەفتەی ڕابردەوە شەڕ لە باکووری ئەسیوپیا سەریهەڵداوە، بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای کە بە "یاخیبووانی تیگرای" ناسراون، هێرشەکانیان بۆ سەر ویلایەتەکانی عەفەر و ئەمهارا دەستپێکردووە و ترسی گەڕانەوە بۆ شەڕی ناوخۆیی وێرانکەری ساڵانی 2020 بۆ 2022 سەری هەڵداوەتەوە و حکومەتی ئەدیس ئەبابا سەرقاڵی هێرشی بەرپەرچدانەوەیە و بەدرێژایی سێ میحوەر هێرشەکانیان درێژکردووەتەوە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن، کە لە لایەن بەرەی تیگرایەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

حکومەتی ئەسیوپیا، ئێریتریا تۆمەتبار دەکات بە پاڵپشتیکردنی بەرەی تیگرای و بوونی میسر و سۆماڵیش لە ناو ئاڵۆزییەکەدا کێشەیکەی هێندەی تر گەورەکردووە.

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا