خێرخوازێک شارێکى پزیشکى بۆ شارى شەهیدان دروستکرد
ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- جەمالى حاجى عەلى سەرمایەدار و خێرخواز شارێکى پزیشکى لە چەمچەماڵ دروستکرد
- شارە پزیشکییەکە پێداویستیى تەندروستى 50 ساڵى داهاتووى چەمچەماڵ دابین دەکات
- حکومەت پزیشک و کارمەند و پێداویستییەکانى بۆ دابین بکات
لە بارەى هەوڵەکەیەوە، جەمالى حاجى عەلى بە کەناڵ8ـى گوت "شارە پزیشکییەکە 150 قەرەوێڵەییە، شەش هۆڵى نەشتەرگەرى، دوو بەشى فریاکەوتن بۆ پیاوان و ژنان بەجیا دروستکراوە".
- دوو دەرمانخانە و دوو تاقیگە و بەشەکانى سیتى سکان و سۆنەرى تێدایە و لەسەر ڕووبەرى سێ هەزار مەتر زەوى بونیادنراوە.
- زیاتر لە 15 نۆرینگە بۆ پزیشکى تایبەتمەند دروستکراوە بۆ ئەوەى بتوانن نەخۆش ببینن و بەشەکانى سووتاوى و ددانى تێدایە.
- هەر لەناو شارە پزیشکییەکە باڵەخانەیەک دروستکراوە بۆ شوێنى مانەوەى پزیشکان و هەر پێداویستییەک بۆ شارێکى پزیشکى پێویستبێت دابینکراوە.
نەخۆشخانەکە زیاتر لە 500 پزیشک و کارمەندى پێویستە، جەمالى حاجى عەلى لەمبارەیەوە داواکارى لە حکومەت هەیە و داواى کرد حکومەت پێداویستییەکانى دابین بکات پاشان میلاکى پێویستى بۆ دابمەزرێندرێت و بخرێتە خزمەتى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و خەڵکى کارەساتبارى ناوچەکە.
ئەم نەخۆشخانەیە کۆمەکێکى گەورە بە چەمچەماڵ دەکات بە شارى شەهیدان و پایتەختى ئەنفال ناسراوە، ئەوەش بەهۆى کەموکوڕى لە خزمەتگوزاریی تەندروستى، بۆ زۆربەى حاڵەتە لەناکاوەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان هاونیشتمانییان سەردانى سەنتەرى شارى سلێمانى دەکەن.
ئارام قەرەداغی
1 کاتژمێر پێش ئێستا