مام جەلال..ڕێبوارەکەى ڕێگەى ئاشتیى تورکیا
پووختەى ڕاپۆرتەکە:
- وەک ئەندازیاری دیپلۆماسییەت و پردی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە، بەغداد و هەولێر دەبینرا
- ڕۆڵێکی چارەنووسسازی بینی لە گۆڕینی هاوکێشەی پەیوەندییەکانی تورکیا بەرامبەر دۆزی کورد
مام جەلال تەنیا سەرۆککۆمارێکی ئاسایی عێراق یان ڕابەرێکی سیاسی و سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموونی کورد نەبوو، بەڵکو لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا، وەک ئەندازیاری دیپلۆماسییەت و پردی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە، بەغداد و هەولێر دەبینرا.
لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ناوەڕاستەکانی ساڵی 2005ـەوە تاوەکو کۆتاییەکانی 2012 بەر لە نەخۆشکەوتنی، تەنانەت پێشتریش لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆڵێکی چارەنووسسازی بینی لە گۆڕینی هاوکێشەی پەیوەندییەکانی تورکیا بەرامبەر دۆزی کورد و هەرێمی کوردستان.
پێش ئەوە مام جەلال ببێتە سەرۆککۆمار، تێڕوانینی ئەنقەرە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەرەکی ئەمنی و لە ڕوانگەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەییەوە بوو.
مام جەلال توانی ئەم هاوکێشەیە بەتەواوی بگوڕێت، بەشێوەیەک توانی تورکیا قایل بکات کە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی مەترسی نیین بۆ سەر ئەنقەرە، بەڵکو دەروازەیەکی ئارام و دەرفەتێکی زێڕینی ئابووری و ستراتیجین بۆ تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەک سەرۆک چووە تورکیا
مام جەلال لە ئازاری 2008دا لەسەر بانگێشتی عەبدوڵا گول، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی تورکیا، بۆ یەکەمجار وەک سەرۆککۆمار سەردانی ئەنقەرەی کرد.
ئەم سەردانە بە مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرا لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و هەروەها ئەنقەرە و کورد تەماشا دەکرا.
ئەم سەردانە فەرمییەی مام جەلال وەک سەرۆککۆماری عێراق بۆ تورکیا زەمینەی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر لە ساڵی 2010دا و زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئابووریی گەورە خۆشکرد.
مام جەلال بڕواى بە ئاشتى هەبوو
مام جەلال بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کێشەی کورد لە باکووری کوردستان بەشێوازی سەربازی چارەسەر ناکرێت و ئاشتی دەکرێت تەنیا لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدیبێت.
لەو چوارچێوەیەشدا لە ئازاری 1993دا، مام جەلال وەک نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەدا ڕۆڵی بینی. شاندێکی لە سیاسەتمەدارانی دیاری باکووری کوردستان کە لە ئەحمەد تورک، سڕی ساکک، سەدات یورتتاش، کەمال بورکای و حەمڕەش ڕەشۆ، پێکهاتبوون، کۆکردەوە و بەرەو لوبنان بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتنەڕێ.
ئەم دیدارە بووە هۆی ڕاگەیاندنی یەکەم ئاگربەستی فەرمی لەلایەن پەکەکەوە لە 21ـی ئازاری 1993، کە پاشان لە 15ی نیساندا بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.
مەرگی لەناکاوی تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی تورکیا و تێکچوونی پڕۆسەکە لە ساڵی 1993، مام جەلالی سارد نەکردەوە و کۆڵی نەدا. لە سەردەمی سەرۆکایەتیی عێراقیشدا، بناغەی بۆ پرۆسەکانی دواتری ئاشتی داڕشتەوە.
وەک سیاسەتمەدار جەنگیز چاندار ئاماژەی پێدەدات، ئەو پڕۆسەیەی چارەسەریی کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، لەسەر ئەو بناغە و نەخشەڕێگەیە بوو کە مام جەلال لە 1993دا کاری لەسەر کردبوو.
ئۆزال متمانەى گەورەى بە مام جەلال هەبوو
خەسڵەتی دیپلۆماسیی مام جەلال و زمانی نەرمی دانوستان، وایکردبوو کەسایەتییە کاریگەرەکانی تورکیا وەک هاوبەشێکی بڕواپێکراو تەماشای بکەن.
بە گێڕانەوەى سیاسەتمەداران، بەهێزترین و مێژوویترین پەیوەندیی مام جەلال لەگەڵ تورگوت ئۆزاڵدا بوو. ئۆزاڵ بڕوای بە دیدی مام جەلال بۆ ئاشتی هەبوو. هەربۆیەش ڕیسک دەکات و وەک ئەحمەد تورک ئاشکرای دەکات، ئۆزاڵ ئامادەبوو هەنگاوی بوێرانە بنێت.
لە متمانەی بە مام جەلال لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە، گوتبووی: "من دەزانم ئەم کارە چەند قورسە، بەڵام وەک سولەیمان دەمیرەل ترسنۆک نیم... پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت". مام جەلال بووە پردێک لە نێوان ئۆزاڵ و ئۆجەلاندا بۆ گەیاندنی پەیام و مەرجەکانی ئاشتی.
پەیوەندییەکى بەهێزیش لەگەڵ ئەردۆغان دامەزراند
لە سەردەمی سەرۆکایەتییدا، مام جەلال پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، گەیشتە لووتکە.
هەر ئەم ئەم پەیوەندییە بوو زەمینەی خۆشکرد بۆ نەرمبوونی هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هاوکات کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
51 خولەک پێش ئێستا