ڕۆناڵدۆ بە فڕۆکە تایبەتەکەی دەگەڕێتەوە ڕیاز

مەبەست عەدنان 47 خولەک پێش ئێستا

لەم وەستانە نێودەوڵەتییەدا، هیچ یاریزانێک هێندەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ قسە و باسی بەدوای خۆیدا نەهێناوە. هۆکارەکەش دیارە؛ دروستبوونی کێشە و گرژی لە نێوان ئەو و خۆرخی جیسوسی ڕاهێنەری پۆرتوگال و جێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەکەیەتی.

ڕۆژنامەی 'A Bola'ی پۆرتوگالی زانیاریی نوێی ئاشکراکردووە و دەڵێت، ئەمڕۆ کریستیانۆ بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە مەدریدەوە بەرەو ڕیاز گەشت دەکات. ئامانجی ئەم گەشتەش دەستکردنە بە ئامادەکارییەکان بۆ یاریی داهاتووی یانەی نەسڕ لە خولی ڕۆشەنی سعودی.

بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو، نەسڕ لە میانی یارییەکانی هەفتەی هەشتەمی خولی سعودی میوانداریی یانەی درعیە بکات. بێگومان بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی ئەم هەفتەیەی نێوان ڕۆناڵدۆ و جیسوس، چاوێکی زۆری میدیای جیهانی لەسەر ئەم یارییە دەبێت.

ئەمڕۆ لەکاتێکدا ڕۆناڵدۆ دەگەڕێتەوە سعودیە، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە گەڕی چوارەمی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە، پێشتر کریستیانۆ هەر بە هەمان فڕۆکە کەمپی پۆرتوگالی لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک جێهێشت و ڕووی کردە مەدرید، ئەمەش هەرایەکی گەورەی لە میدیاکان و نێو هاندەران نایەوە و وایکرد خەڵک ببن بە دوو بەرەی جیاوازەوە.

مەبەست عەدنان

47 خولەک پێش ئێستا