هەنگاوێکی مێژوویی لە کەرتی بانکیی کوردستان؛ 94 بانکی حکومی تێکەڵ دەکرێن

ئارا ئیبراهیم 47 خولەک پێش ئێستا
یەکێک لە بانکەکان
یەکێک لە بانکەکان

پووختەی هەواڵەکە

  • لە هەرێمى کوردستان 94  بانکى حکومى تێکەڵ دەکرێن.
  • لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین 32  بانکى حکومى هەبووە.
  • ئاشتى کەریم:  لە کۆى 15  بانکى ناو سلێمانى تەنیا چوار بانک دەمێنێتەوە.
  • سەرۆکى لیژنەى بانکەکان:  لە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرین بانکەکان تێکەڵکراون.
  • تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تێکەڵکردنى بانکەکانى سلێمانى تەواو دەکرێن.
  • کارمەندى بانکەکان بەشێکیان ئارەزوومەندانە گواستراونەتەوە بۆ وەزارەتەکانى دیکە.

لە چوارچێوەى یەکخستنەوە و تێکەڵکردنى بانکە حکومییەکان لە هەرێمى کوردستان،94  بانکى حکومى تێکەڵ دەکرێن و ژمارەیەکى سنوورداریان دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەى یەکە ژمێریارییەکان و هەژمارى بانکەکان ڕێکدەخرێنەوە دواتر دەخرێنە سەر بانکى نیشتمان.



یەک بانک کاروبارەکان بەڕێوەدەبات

بانکى نیشتمان، دەبێتە چوارەمین بانک لەسەر ئاستى عێراق کە بانکى ناوەندیی عێراق بەفەرمى مامەڵەى لەگەڵ دەکات، پاش بانکەکانى ڕەشید و ڕافیدەین و تى بى ئاى و دەتوانێت پێشینەکان و دۆلاریش بە نرخى فەرمى وەربگرێت.

بانکى نیشتمان، بانکێکى حکومییە و سەر بە وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستانە، ئەگەرچی ئەنجوومەنێکى بەڕێوەبردنى تایبەتى دەبێت، بەڵام لە ڕووى داراییەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتى دەکات.


بانکەکان تێکەڵ دەکرێن

لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەرین چەندین بانک تێکەڵ کراونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامى هەیە، بەهەمان شێوە لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆکیش هەمان ڕێکار گیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوە و تێکەڵکردنى بانکە حکومییەکان.

لە هەرێمى کوردستان بە گشتی 94  بانکی حکومی هەیە کە تەنیا لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەرین 32 بانکى حکومى هەبووە.

چەند بانکێک لە قۆناغى دووەمدا دەمێننەوە و پاش تەواوکردنى سەرجەم ڕێکارە ژمێرکارییەکان و ڕێکخستنەوەى هەژمارە بانکییەکان و ئەو پارانەى حکومەت قەرزى لاى وەبەرهێنەر و بازرگانان هەیە، پاش تەواوکردنى هەموو ئەم ڕێکارانە، لقى بانکى نیشتمان لە سلێمانى دەکرێتەوە و لەو چوارچێوەیەدا کارەکان دەکرێت.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، پڕۆسەکە ورد و ئاڵۆزە و وردبینى و کارى زۆرى دەوێت بۆ تێکەڵکردنەکە ئامانجەکەش ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانیان تەواو بکەن.

هێرش تاهیر، بەڕێوەبەرى بانکى سلێمانى یەک بۆ بە کەناڵ8:

  •  بەردەوامین لە پرۆسەى یەکخستن و تێکەڵکردنى بانکەکان، تەنیا بانکەکانى باخان و ئەزمەڕ و سلێمانى و تانجەرۆ دەمێنێتەوە لە ناوەندیی سلێمانى".
  • بانکى باخان سەر بە گەنجینەى دووى سلێمانى دەبێت و تایبەت دەبێت بە هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتى ناوخۆو سەربازى.
  • بانکى سلێمانى سەر بە گەنجینەى یەک دەبێت و تایبەت دەبێت بە کۆکردنەوەى داهاتەکان، بانکى ئەزمەر بۆ پاکتاوکردن و ڕێکخستنەوەى خەرجییەکان دەبێت.
  • کارمەندى بانکەکان بێجگە بۆ گومرگ و باجەکان و وەزارەتى ناوخۆ، دەتوانن داواى گواستنەوە بۆ وەزارەتەکانى دیکە بکەن.

تەنیا چوار بانک لە سلێمانی

ئاشتى کەریم، بەڕێوەبەرى ژمێریارى و سەرۆکى دەستەى پشکنینى بانکە ئەهلى و حکومییەکان لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە کۆى 15 بانکى ناوەندیی سلێمانى تەنیا چوار بانک دەمێننەوە و بانکى مەڵکەندى تا ئەو کاتەى فۆڕمى هەژمارى من تەواو دەبێت دەمێنێتەوە چونکە خانەنشینێکى زۆر هەیە لە نووسینگەکانى مەڵکەندى مووچە بەکاش وەردەگرن.

باسى لەوەشکرد، بانکەکانى سلێمانى و باخان و ئەزمەریش دەمێننەوە وەک قۆناغى دووەم، پاشان ئەوانیش لە داهاتوو پاش کردنەوەى لقى بانکى نیشتمان لە سلێمانى نامێنن.

سەبارەت بە بانکەکانى دیکە، ئاشتى کەریم ئەوەى خستەڕوو، بانکەکانى پێنجوێن و باشماخ وەک خۆیان ماون، لە گەرمیان، بانکەکانى گەرمیان و پەروێزخان ماونەتەوە.

هاوکات، لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین، بانکى کێوەڕەش و بانکى ڕانیە، یەک خراون و دەبنە بانکى ڕانیە و لە شارۆچکەى قەڵادزێ بانکى قەڵادزێ ماوە لەبەر بوونى نووسینگەى کێلێ.

هەروەها لە شارۆچکەى چەمچەماڵ، بانکى چەرمو تێکەڵى بانکى چەمچەماڵ کراوە، لە شارۆچکەى سەید سادق بانکى شارەزوور تێکەڵى بانکى سەیدسادق دەکرێن لەم هەفتەیەدا و ئەوانیش دەبنە یەک بانک و بانکى هەڵەبجەش وەک خۆى دەمێنێتەوە.

هاوکات بانکى تانجەرۆ ڕاستەوخۆ چوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى سلێمانى و تەنیا پارەى داهاتى هاتوچۆ کۆدەکاتەوە.

ئاشتى کەریم، ئەوەشى ڕوونکردەوە، کێشەیەکى زۆریان هەیە لە بوونى فەرمانبەرى زیادەى بانکەکان ژمارەیان هەزار کارمەندى بانک دەبێت، کە لە بنەمادا بانکێک 70 بۆ 80کارمەندى پێویستە.

کەناڵ8 زانیارى دەستکەوتووە، بەشێک لە فەرمانبەرانى بانکەکان ناڕازین بە گواستنەوەیان بۆ وەزارەتەکانى دیکە، چونکە کارمەندى بانکەکان لە ساڵێکدا لەبرى 12 مووچە 15 مووچە وەردەگرن، بەڵام کە لە بانکدا نەمێنن ئەو سێ مووچەیە لەدەست دەدەن کە ژمارەیان لە هەرێمى کوردستان نزیکەى پێنج هەزار کارمەندە.

کارمەندەکان دەگوازرێنەوە

یەکێک لەڕێکارەکانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى ئەوەیە ئارەزوومەندانە کارمەندەکان بۆ وەزارەتەکانى دیکە بگوازرێنەوە، ئەوەى دەمێنێتەوە لەسەر بنەماى پێویستى و پسپۆڕى دەمێننەوە لە بانکەکان و ئەوانى دیکە لە داهاتوودا دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتەکانى دیکە.

هاوکات، یەکێک لە کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم تێکەڵکردنى بانکەکان و کەمکرنەوەیان بوونى هەژمارێکى بانکى زۆرى هاونیشتمانییانە کە پاراستنى هەژمارەکان و بڕى پارەکانیان بە پارێزراوى کارى لەسەر کراوەو دەکرێت.

لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى2025 دەستکراوە بە تێکەڵکردن و یەکخستنەوەى بانکە حکومییەکان، بەڵام ماوەیەک لە هەولێرەوە ڕاگیرا تاوەکو فەرمانى وزارى پێدەرچوو پاشان دەستیان بە تێکەڵکردن و کەمکردنەوەى بانکە حکومییەکان کردووە.


زمناکۆ مەحمود، ئەندامى لیژنەى دەستەى پشکنینى بانکە ئەهلى و حکومییەکان بە کەناڵ8:

  • چاوەڕوان دەکەن، تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم پڕۆسەى تێکەڵکردنى بانکەکان و یەکە ژمێریارییەکان لە سنوورى سلێمانى تەواو بکرێت.
  • بێجگە لەو بانکانە لە سلێمانى پێنج بانکى پسپۆڕى هەبووە بووەتە یەک بانکى پسپۆڕى لە سێمانى و لە هەڵەبجەش یەک بانکى پسپۆڕى هەیە.


بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، بانکە حکومییەکان لە هەرێمى کوردستان پابەندبوونى دارایی هاونیشتمانیانیان لەسەرە و بانکى حکومى هەیە95 هەزار هەژمارى هاونیشتمانیانى تێدا کراوەتەوە و یەکخستن و گواستنەوەى هەموو ئەم هەژمارانە بۆ چەند بانکێک کاتى دەوێت.

تەنیا لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین بانک هەیە قەرزى نزیکەى 100 ملیار دینارى لاى بازرگان و سەرمایەداران هەیە، هاوکات پارەى هاونیشتمانییان لە هەژمارە بانکییەکانى هاونیشتمانییان هەیە.

بانکەکان دوای ڕێکخستنەوە دەخرێنە سەر بانکى نیشتمان و لقى فەرمى بانکى نیشتمان لە پارێزگاکان دەکرێتەوە و ئەوکات یەک بانکى حکومى بوونى دەبێت کە سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی تێدا کۆدەکرێتەوە.

ئارا ئیبراهیم

47 خولەک پێش ئێستا