بۆ خوێندکاران؛ تاقیکردنەوە و هەژمارکردنى نمرە دەگۆڕدرێت

ئارام قەرەداغی 41 خولەک پێش ئێستا
یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی. فۆتۆ:  حەمەسوور - کەناڵ8
یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

پووختەى هەواڵەکە

  • ساڵى داهاتوو شێوازى تاقیکردنەوە و هەژمارکردنى نمرەى تاقیکردنەوەکان دەگۆڕدرێت.
  • ئەمساڵ لە 24 خوێندنگە سیستمە نوێیەکە تاقیدەکرێتەوە.

نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەرى گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتى پەروەردە بە کەناڵ8ـى گوت "ئەمساڵ تاقیکردنەوە و هەژمارکردنى نمرەى تاقیکردنەوەکان هاوشێوەى ساڵانى ڕابردووە، بەڵام بەرنامەیان هەیە بۆ ساڵى داهاتوو گۆڕانکارى لە هەردوو بابەتەکە بکەن".


زانیارییەکانى لە زارى نوورەدین عوسمانەوە:

  • لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەک سێ خوێندنگەى بنەڕەتى و ئامادەیی بۆ تاقیکردنەوەى سیستمە نوێیەکە دیاریکراون.
  • ئەگەر سەرکەوتوو بوو پەسەند دەکرێت و دەکرێتە بڕیار بۆ ساڵى داهاتوو.
  • وەرزەکانى خوێندن بەو شێوەى هەیە دەمێنێتەوە.

سیستمى تاقیکردنەوەکانى ئێستا:

  • تاقیکردنەوەى خوێندکاران وەرزییە و لەگەڵ وەرزەکاندا نیوەى وەرز تاقیکردنەوە بە خوێندکاران دەکرێت.
  • هەژمارکردنى نمرەکان بەمجۆرەیە بۆ هەر وەرزێک 20 نمرە لەلایەن مامۆستایان دیاریدەکرێت و نیوەى وەرز تاقیکردنەوە لەسەر 20 نمرە دەکرێت و کۆتایی وەرز تاقیکردنەوەى کۆتایی لەسەر 60 نمرەیە.
  • لەگەڵ ئەم تاقیکردنەوانەدا قۆناغى نۆى بنەڕەتى و 12ـى ئامادەیی تاقیکردنەوەى نیشتمانى دەکەن.

لە هەرێمى کوردستان هەشت بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی پەروەردە هەن، کە بەسەر چوار پارێزگا و چوار ئیدارەى سەربەخۆ دابەشبوون.

ئارام قەرەداغی

41 خولەک پێش ئێستا