وردەکارى ڕووداوەکە..هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان و ڕۆیشتنەکەى قایمقامى خوورماتوو

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • لە ناوچە دابڕێنراوەکان ساڵى نوێى خوێندن دەستیپێکرد.
  • لە خوورماتوو ئاڵاى کوردستان هەڵکرا و سرودى ئەى ڕەقیب لێدرا.
  • قایمقام کە لە پێکهاتەى تورکمانە دۆخەکەى بەدڵ نەبوو بەجێیهێشت.
  • لە ناوچە دابڕێنراوەکان خواست لەسەر خوێندنى کوردى زیادیکردووە.

لە خوێندنگەی مەولەوی شارۆچکەی خورماتوو، کە ناوچەیەکی دابڕێنراوە و دانیشتووانەکەی لە کورد، عەرەب و تورکمان پێکدێت، ڕێوڕەسمی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا کە پەیامنێرى کەناڵ8 لەوێ بوو، سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب لێدرا و ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە، بەوهۆیەوە زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو، کە توركمانی شیعە مەزهەبە نیگەران بوو و ڕێوڕەسمەکەی جێهێشت.


ڕێوڕەسمەکە نەوەستا:

  • جێهێشتنی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن قایمقامی خورماتووەوە نیگەرانی لێکەوتەوە.
  • خوێندکار و مامۆستایانی خوێندنگەی مەولەوی درێژەیان بە ڕێوڕەسمەکە دا.
  • پاساوى قایمقام بۆ ئەم کارەى ئەوە بووە، گوایە بەگوێرەى ڕێنماییەکان هەر دەبێت ئاڵاى عێراق هەڵبکرێت.

دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندن:

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2026 – 2027 بوو.

خواست لەسەر خوێندنى کوردى لە زیادبووندایە:

بەگوێرەى ئامارەکانى بەردەست کەناڵ8، ئەمساڵ لە کەرکووک هەزار و 50  خوێندکار لە خوێندنى عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنى کوردى، لەکاتێکدا ساڵى ڕابردوو ڕێژەکە هەزار خوێندکار بووە. بەوەش کۆی گشتیی گەڕانەوەی خوێندکاران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە دوو هەزار و  50 خوێندکار.

خوێندنى کوردى لە کەرکووک 104  هەزار خوێندکار و 562  خوێندنگەى هەیە، لەگەڵ هەشت هەزار و 200  مامۆستا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ملیۆنێک و 200  هەزار کتێب و پێداویستی بۆ دابینکردوون.

بۆ ئەمساڵى لە خوێندنى کوردى لە کەرکووک، زیاتر لە حەوت هەزار قوتابى لە پۆلى یەکى بنەڕەتى وەرگیراون و پێشبینى دەکرێت ڕێژەکە زیاتریش ببێت، بەو پێیەى لە ڕۆژانى داهاتووشدا ناو تۆمارکردن بەردەوام دەبێت.

لە خوورماتووش گەڕانەوە زۆرە:

لە پرۆسەى خوێندنى کوردى لە شارۆچکەى خورماتوو، تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە شارۆچکەکە بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەمساڵ 50  خوێندکار لە خوێندنى عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنى کوردى و بەردەوام لە زیادبووندایە. هەڵمەتێکى خۆشیان بۆ هاندانى گەڕانەوەى خوێندکاران بە هۆکارێکى سەرەکى زانى.

ساڵى ڕابردوو ڕێژەى دەرچوون لە خوێندنى کوردى  95% بووە، ساڵانەش لە بەرزبوونەوەدایە، تەنیا لە ئامادەیی کوردستان لە شەشى ئامادەیی 12 خوێندکار نمرەى سەروو 90یان بەدەستهێناوە، ڕێژەى دەرچوونیش لە خوێندنى کوردى بەرزترە لە خوێندنى عەرەبى. تاریق ئەحمەد واى گوت.

لەڕووى دابینکردنى پرۆگرام و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنەوە، خوێندنى کوردى زووتر خوێندن دەستپێدەکات و پێداویستییەکان بۆ خوێندکاران دابین دەکەن، لەکاتێکدا ساڵى ڕابردوو تاوەکو نیوەى وەرز کتێبى خوێندنى عەرەبى دابیننەکرابوو، ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا پرۆگرامەکانى خوێندن دابەشنەکراوە.

خوێندنى کوردى بە ژمارە:

بەگوێرەى ئامارەکان، لە شارۆچکەى خوورماتوو 35 خوێندنگەى کوردى و نزیکەى پێنج هەزار خوێندکار هەیە.

هەروەها 450 مامۆستا و فەرمانبەرى خوێندنى کوردى لە خورماتوو سەر بە هەرێمى کوردستانن، نزیکەى  300 مامۆستاى دیکەش لەسەر میلاکى پەروەردەى عێراقن.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا