ئیسرائیل لیستی ئەو بارمتانەی پێگەیشت کە رۆژی حەوتەمی ئاگربەست ئازاد دەکرێن
رۆژی پێنجشەممە (30 تشرینی دووەم) ئیسرائیل دووپاتیکردەوە "لیستی نوێی ناوی ژن و منداڵە بارمتکراوەکانی کەرتی غەززەی پێگەیشتووە" کە بڕیارە ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەستگیرکراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، ئازاد بکرێن.
ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە 24ی ئەم مانگەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر حەوتی بەیانی کۆتایی پێبێت، بەڵام لە کۆتا خولەکەکانیدا درێژکرایەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "بەگوێرەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل لیستی ئەو ژن و منداڵانەی پێگەیشتووە" کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بێئەوەی ژمارەی ئەو بارمتانە ئاشکرا بکرێت کە ئازاد دەکرێن.
لەبارەی درێژکردنەوەی ئاگربەستەوە کە بە نێوەندگیریی قەتەر و بە پاڵپشتیی میسر و ئەمریکا کراوە، ئەمڕۆ قەتەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی تاوەکو رۆژی هەینی پشتڕاستکردەوە.
مەجید بن محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیل گەیشتنە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە بۆ رۆژێکی دیکە بەهەمان مەرجەکانی پێشوو، کە ئاگربەست و هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکانن بۆ ناو غەززە" .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستەکە "بە نێوەندگیریی هاوبەشی دەوڵەتی قەتەر و میسر و ئەمریکا" دەبێت.
جەختی لەوەشکردەوە "هەوڵەکان بەردەوامن بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە".
30/11/2023