چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ تاوتوێی کابینەی حکومەت و چەک کۆدەبێتەوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

پووختەی هەواڵەکە

ئەمڕۆ چوارچێوەى هەماهەنگى کۆدەبێتەوە
چوارچێوەى هەماهەنگى گفتوگۆ لەبارەى تەواوکردنى کابینەى حکومەت دەکات
چوارچێوەى هەماهەنگى گفتوگۆ لەبارەى کۆکردنەوەى چەک دەکات


سەرچاوەیەکى ئاگادار بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەى تەواوکردنى کابینەى حکومەت و دیاریکردنى جێگرانى سەرۆکوەزیران دەکەن.


تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە

بەگوێرەى زانیارییەکان، پرسى دیاریکردنى چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران یەکلابووەتەوە و لە داهاتوویەکى نزیکدا لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەنگیان لەسەر دەدرێت، دوو لە جێگرەکان بەرکەوتەى چوارچێوەى هەماهەنگین، هەر یەکە لە موحسین مەندەلاوى و لەیس خەزعەلى، کۆدەنگییان لەسەر دروستبووە.

لەبارەى تەواوکردنى کابینەى حکومەتیش، هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا، بەربژێرەکانى بۆ وەزارەتەکانى ناوخۆ و خوێندنى باڵا یەکلاکردووەتەوە و ناردوویەتى بۆ سەرۆکوەزیران.

هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا ناسر سخێل، بۆ وەزیرى ناوخۆ و حەیدەر بەها بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا بەربژێرکردووە.
لەبارەى پۆستەکانى کوردیش، تاوەکو ئێستا پارتى دیموکراتى کوردستان ناوى بەربژێرەکەى بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ئاشکرانەکردووە، بۆ جێگرى سەرۆکوەزیرانیش هێشتا ڕێککەوتنى لەسەر نەکراوە.

هەروەها سووننەکانیش لەسەر پۆستى جێگرى سەرۆکوەزیران و بەربژێرانى وەزارەتەکانیان بە تایبەت وەزیرى بەرگرى و پلاندانان ناکۆکییان هەیە و یەکلانەبووەتەوە.

کۆکردنەوەی چەک بریارە سەختەکە

هەروەها بڕیارە لە کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى، گفتوگۆ لەبارەى هەڵوێستى ئەو دوو گرووپە بکرێت کە ڕایانگەیاندووە پابەندى وادەى دیاریکراو بۆ چەکدانان نابن.

دواى ڕاگەیاندنى سەروەریى عێراق لە 30ـى ئەیلوول و کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا کەتیبەکانى حیزبوڵا و ئەولیا دەم ڕەتیانکردەوە پابەندى ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ حکومەت کراوە بۆ چەکدانان.

بڕیارە لە کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى سەرکردەکانى شیعە، بەنووسراو عەلى زەیدى سەرپشک بکەن لە گرتنەبەرى هەر ڕێکارێکى یاسایی لە دژیان.

بەگوێرەى زانیارییەکان، دواى کۆبوونەوەکەش سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى ڕاگەیێنراوێک بڵاودەکەنەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ حکومەت و هەوڵەکانى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دووپاتدەکەنەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ ..

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان ئاشکرا دەبێت

داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر قەدەغەی گەشتەکانی ئێران دەکرێت

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا