تاران پێداچوونەوە بە تێبینییەکانی واشنتندا دەکات؛ هوورمز و ئەتۆم لەسەر مێزی گفتوگۆن
پوختەی هەواڵەکە
- ئێران: تێبینى نوێی ئەمریکامان لەرێگەى نێوەندگیرەکان دەست کەوتووە
- غەریب ئابادی: تێبینییەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای پێشنیازە حەوت خاڵییەکەی ئێران بووە
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی بەمیدیاى فەرمى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆچوون و تێبینی نوێی خۆیان سەبارەت بە پێشنیازەکانى ئێران گەیاندووە پێیان.
ئێران وەڵامدەداتەوە
- غەریب ئابادی: ئێستاش دواى گەیشتنى تێبینییەکان سەرقاڵى لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردنن تاوەکو وەڵامى ئەمریکا بدەنەوە.
- غەریب ئابادی: هەر کاتێک پێشنیاز و وەڵامی کۆتایی ئێران ئامادەبوو لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵاممان دەگەیەنین بە واشنتن.
- غەریب ئابادی: وڵاتەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە
مەرج و پێشنیازەکانی ئێران
لە هەفتەی ڕابردوو،عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران پێشنیازى خۆى هەیە و ماوەى حەوت ڕۆژیش بۆ واشنتن پێشنیازکراوە تاوەکو وەڵامیان بدرێتەوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ، پێشنیازەکانیش پێکهاتوون لە کردنەوەی گەرووی هوورمز و دەستپێکردنی دانوستانی گشتگیر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی.
پاش ئەم قسانەى عێراقچى، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە، پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاند، ئەو پێشنیازەی ئێران کردوویەتی قبوڵکراو نییە.
لە بەرامبەردا،عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، ئێمە وەڵامی ترەمپمان لە بارەی پێشنیازەکەوە پێگەیشت، بەڵام چاوەڕێی نێوەندگیرەکانین تاوەکو هەڵوێستی کۆتایی ڕابگەییێنن و لەسەر بنەمای ئەوەش ئێمە بڕیاری کۆتایی دەدەین.
2 کاتژمێر پێش ئێستا