یەکێتیی مامۆستایان داوای گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە دەکات
پوختەی هەواڵەکە
- یەکێتی مامۆستایان: مووچە پاشەکەوتکراوەکان و نەدراوەکان بخرێنە سەر هەژماری بانکی مامۆستایان
- یەکێتی مامۆستایان: مووچەی مامۆستایان زیاد بکرێت و مامۆستایانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان و ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکات قەرەبوویان بکاتەوە و کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی هەموو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و دەستپێکردنەوەی مووچە بەرزکردنەوە و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان:
- سوپاسی مامۆستایانی کردووە بۆ پشوو درێژییان کە لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای ئاڵنگاری و کێشەکان نەیانهێشتووە چارەنووسی خوێندکاران بەنادیاری بمێنێتەوە.
- داواکارین لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران، کاربکەن بۆ ئەوەی هەموو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەوانەشی نەدراون بخرێتە سەر هەژماری بانکیی مامۆستایان خۆیان.
- داواکارین بەرزکردنەوەی مووچە دەستپێبکاتەوە وەک پێدراوێکی یاسایی کە لە شوباتی 2016ـەوە ڕاگیراوە.
- مامۆستایانی گرێبەست بە هەمیشەیی بکرێن و وانەبێژانیش بکرینە گرێبەست ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی میلاکی پێویست.
- داواکارین، دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان بەردەوام بێت و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
- داواکارین لە پەرلەمان لە خولی داهاتوویدا چاو بە بڕیاری ڕەتکردنەوەی پرۆژەیاسای پارێزبەندیی مامۆستایان بخشێنێتەوە و پەسەندی بکات.
- بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانبکرێت و زانکۆکانیش دەسەڵاتی زیاتریان پێبدرێت
- یەکێتیی مامۆستایان بەشداربێت لە ئەنجوومەن و لیژنەکانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان
ساڵانە لە 5ی تشرینی یەکەمدا لە سەرانسەری جیهاندا رۆژی جیهانیی مامۆستایان بەرز ڕادەگیرێت بۆ ڕێزلێنان لە پێگەی مامۆستایان و نرخاندنی کارەکانیان لە پەروەردەکردنی نەوەکاندا.
دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ 5ی تشرینی یەکەمی 1966، کە تێیدا ڕاسپاردەیەکی هاوبەش لە نێوان یونسکۆ و ڕێکخراوی کار واژۆکرا سەبارەت بە بارودۆخ و ماف و ئەرکەکانی مامۆستایان لە جیهاندا.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
یەکێتیی مامۆستایان پێش دەستپێکی خوێندن داوای زامنکردنی مووچە دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا