دەزگای ئاسایش: گرووپێکی داعشى سەر بە ویلایەتی کوردستانمان هەڵوەشاندەوە

کەناڵ8 58 خولەک پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • ئۆپراسیۆنەکانى دەزگاى ئاسایش دژى شانەکانى داعش بەردەوامە.
  • لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە 22 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
  • بەنیازى دروستکردنی ئەمارەتێک بوون لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور.

دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکداری داعش سەر بە ویلایەتی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و 22 ئەندامی گرووپەکەش دەستگیر کراون.

دەزگاکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕوونیکردەوە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە لەڕۆژانی هەشت تاوەکو 12ـى ئەیلوول لەماوەی 96 کاتژمێر، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان، لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە 22 تۆمەتبار لەسنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ، سیروان) دەستگیر بکەن.


پیلانی چەکدارانی داعش-کەتیبەی پێنجی سەر بە ویلایەتی کوردستان بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە:

  • خۆڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت لە ئەندامانی گرووپەکە.
  • دانانی بۆمب و تەقینەوە لەناو پارێزگای هەڵەبجە.
  • چاودێریکردن و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی مەشق و ڕاهێنان بە چەکی قورس و مامناوەند.
  • دروستکردنی ئەمارەتێک لەناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور.
  • بەستنەوەی پەیوەندی شانە نووستووەکانی داعش لە کوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستانی دەرەوە.
  • کۆکردنەوەی پارە بە مەبەستی کڕینی چەک.

ئەوەى دەستى بەسەردا گیراوە:

  • یەک چەکی جۆری ئاربیجی و سێ گولـلە و پێنج حەشوە.
  • یەک گولـلە هاوەن.
  • شەش بۆمبی دەستی "ڕومانە".
  • شەش چەکی جۆری کڵاشینکۆف و 13 مەخزەن و 300 فیشەک.
  • دوو دەمانچە و 100 فیشەک.
  • یەک کامێرای چاودێری.
  • یەک دووربینی سەربازی.
  • جلوبەرگ و کەلوپەلی سەربازی.

لە کۆتایى ڕاگەییێنراوەکەدا دەزگاى ئاسایش دەڵێت "تۆمەتباران بە ماددەی دووی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەكەدا بەردەوامە.

کەناڵ8

58 خولەک پێش ئێستا