دۆسیەی گەندەڵیی ناوبژیوانانی خولی تورکیا فراوانتر دەبێت

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
یاسین کۆڵ
یاسین کۆڵ

پووختەى هەواڵەکە:

  • ناوبژیوانێکی خولی تورکیا بە بڕی زیاتر لە 27 ملیۆن دۆلار مامەڵەی کردووە
  • پەیوەندییەکی گوماناوی لەنێوان کاتی یارییەکان و گواستنەوەی پارەی ناو هەژمارەکانیدا دۆزراوەتەوە

لە میانەی لێکۆڵینەوەی "دۆسیەی ناوبژیوانان" کە لەلایەن نووسینگەی تایبەت بە گرەوی نایاسایی و تاوانە وەرزشییەکانی سەر بە داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، زانیاریی گرنگ لەبارەی بەرپرسانی باڵای ناوبژیوانیی تورکیا ئاشکرا بوون، دەرکەوتووە تەنیا لەم وەرزەی خولی سوپەرلیگ کە شەش یاریی تێدا کراوە، ناوبژیوان یاسین کۆڵ بە ملیۆنان لیرەوە مامەڵەی دارایی کردووە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان، لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2026، قەبارەی مامەڵە داراییەکانی یاسین کۆڵ، کە ناوبژیوانی خولی نایابی ئەو وڵاتەیە، گەیشتووەتە 135 ملیۆن لیرە کە دەکاتە نزیکەی 27 ملیۆن و 472 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

جووڵە داراییەکانی یاسین کۆڵ زیادیانکردووە:

  • لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، 22 ملیۆن و 300 هەزار لیرە خراوەتە سەر هەژمارەکانی.
  • لە هەژمارەکانییەوە 40 ملیۆن و 800 هەزار لیرە، خراوەتە سەر چەند هەژمارێکی دیکە.
  • کۆڵ لە 11 بانکی جیاواز خاوەنی 50 هەژمار و 41 ژمارەی ئایبان بووە.
  • تێیدا خۆی بە چەندین پیشەی جیاوازی وەک پۆلیس، پاسەوان و فەرمانبەر تۆمارکردووە.

مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانباران:

ڕاپۆرتەکە دەریخستووە، کۆڵ لەگەڵ کەسانی خاوەن پێشینەی تاوانکاریی مامەڵەی کردووە، هاوکات پەیوەندییەکی گوماناوی لەنێوان کاتی یارییەکان و گواستنەوەی پارەی ناو هەژمارەکانیدا دۆزراوەتەوە، بۆ نموونە، زۆربەی پارە ناردنەکان بۆ ناوبژیوانانی هاوکار و ناوبژیوانی چوارەم، لەنێوان 3 ڕۆژ پێش یارییەکان و 2 ڕۆژ دوای یارییەکان بووە.

لە کۆی 64 مامەڵە، 47 دانەیان بڕی 100 تاوەکو پێنج هەزار لیرە بووە، کە کۆڵ دوای دەستپێکردنی یارییەکان بۆ تیمی ناوبژیوانی ناردووە.

بڕی ملیۆنێک و 98 هەزار لیرە لە کەسێکەوە هاتووە بۆ هەژمارەکانی و 358 هەزار لیرەش بۆ کەسێک نێردراوە.

کەسانى وەرزشى دیکە پێوەبوون:

ئەم لێکۆڵینەوەیە چەندین بەرپرسی باڵای وەرزشی گرتووەتەوە. پۆلیسی دارایی بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدان، ساختەکاری لە بەڵگەنامەی فەرمی و خراپ بەکارهێنانی متمانە" لێکۆڵینەوەی کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، فەرهاد گویندۆغدو، سەرۆکی دەستەی ناوەندیی ناوبژیوانیی لێژنەی ناوبژیوانانی ناوەندی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی کۆمەڵەی ناوبژیوانان دەستگیرکران و دادگا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ گویندۆغدو و چوار بەرپرسی دیکە دەرکرد.

ئێستا یاسین کۆڵ بە تۆمەتی بەرتیل و هاندانی دارایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان و یاریدەدەرەکەی گۆکتوگ هازار ئێرێل، بە تۆمەتی ساختەکاری، بەندکراون.

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا