بڕی بارانی پێشبینیکراو بڵاوکرایەوە؛ لە کام ناوچە زۆرترین دەبارێت؟
پووختەى هەواڵەکە:
- لێزمەبارانی کورتخایەن ناوچە جیاجیاکانی هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە.
- شەپۆلێک لە دەریاى سوورەوە هاتووە و بارستەهەوایەکی فێنکی لەگەڵدایە.
- لە هەندێک ناوچە بارانبارین دەگاتە 12 ملم.
بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکانی کەشوهەوا، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، شەپۆلێکی بارانبارین و فێنکبوونی کەشوهەوا ڕووی لە ناوچەکە کردووە و پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کاریگەرییەکانی لە هەرێمى کوردستان زیاتر دەربکەون.
کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممە:
ئێستا ئاسمانی تەواوی ناوچەکە گۆڕاوە بۆ هەور. لە کاتەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا، نمەباران لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باریوە.
بۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بارانبارین زیاد بکات و لە سەنتەری پارێزگاکان، ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان نمەباران ببارێت، لە هەندێک کات و شوێندا، شێوازی دابارینەکە دەگۆڕێت بۆ لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەبرووسکە.
ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بارستەهەوایەکی فێنکی لەگەڵدایە؛ بۆیە لە کاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەبنەوە. هاوکات خێرایی با لە تەواوی ناوچەکەدا زیاد دەکات و لە هەندێک کاتدا دەگاتە سەرووی 25کم لە کاتژمێرێکدا.
کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە لە کاتەکانی شەودا لاواز دەبێت و نمەباران تەنیا لەسەر ناوچە شاخاوییە جیاجیاکان تاوەکو بەرەبەیانیی سبەی دەمێنێتەوە.
بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو بەم شێوەیەیە:
- ناوچە دەشتاییەکان: 3 تاوەکو 5 ملم
- ناوچە نیمچەشاخاوییەکان: 4 تاوەکو 7 ملم
- ناوچە شاخاوییەکان: 6 تاوەکو 8 ملم
- ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان:7 تاوەکو 12 ملم
کەشوهەوای سبەی چوارشەممە:
سبەی چوارشەممە، کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بە لاوازی لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە، بە تایبەتی لەسەر سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک کە ئەگەری نمەبارانیان تێدا دەبێت.
بەپێچەوانەوە، لە پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ و ناوچەکانی دیکەی وەک پارێزگای هەولێر، سەنتەری ئیدارەی سۆران و ئیدارەی ڕاپەڕین، ئاسمان بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە و تەنیا ئەگەرێکی کەم بۆ نمەباران لەسەر شاخە بەرزەکان هەیە.
40 خولەک پێش ئێستا