باوکى ڕۆحى ژیریى دەستکرد ترسى هەیە
پووختەى ڕاپۆرتەکە:
- جیفری هینتۆن لە ساڵى 2023ـەوە لەسەر مەترسییەکانى ژیریى دەستکرد هۆشداریى دەدات.
- ئەگەرى لە 10%ـى داناوە بەوەى ژیریى دەستکرد ببێتە هۆى لەناوچوونى مرۆڤایەتى.
- داوا دەکات تاوەکو کار لەکارنەترازاوە بە یاسا ژیریى دەستکرد ڕێکبخرێت.
جیفری هینتۆن کە بە "باوکی ڕۆحیی ژیریی دەستکرد" و براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەناسرێت، لە ساڵی 2023دا لە پۆستە باڵاکەی لە کۆمپانیای گووگڵ دەستی کێشایەوە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، ئازادبوونی بوو لە قسەکردن و هۆشداریدان بە جیهان لەسەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بۆ سەر داهاتووی مرۆڤایەتی دروستی دەکات.
نوێترین لێدوان و توێژینەوەکانى هینتۆن:
- ئەگەری زیاتر لە 10% هەیە کە ژیریی دەستکرد ببێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤایەتی لە ماوەی دەیەکی داهاتوودا.
- پێشبینییەکانی پێشوو کە دەیانگوت سیستمەکان 30 بۆ 50 ساڵی دیکەیان دەوێت تاوەکو لە مرۆڤ زیرەکتر بن، چیتر ڕاست نین.
- هیچ نموونەیەکی مێژوویی نییە کە بوونەوەرێکی کە ژیرییەکەى کەمترە، کۆنترۆڵی سیستمێکی زۆر باڵاتر لە خۆی بکات.
تەقینەوەی ژیری
لە نوێترین توێژینەوەکانیدا، هینتۆن باس لە چەمکی "تەقینەوەی ژیری" دەکات. کاتێک سیستمەکانی ژیریى دەستکرد توانای خۆ-پەرەپێدانیان دەبێت، دەست دەکەن بە دروستکردنی کۆپیی نوێتر لە خۆیان بە خێراییەکی بێوێنە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی: سیستمەکان ئامانجی سەربەخۆ بۆ خۆیان دابنێن کە لەگەڵ بەرژەوەندیی مرۆڤدا یەکناگرێتەوە.
مێتا، ئۆپن ئەی ئای، و ئەنسرۆپیک لە تاقیکردنەوەکانیاندا بینیویانە کە چۆن بریکارە ژیرەکان لە ژینگەی تاقیگەیی و سندوقە پارێزراوەکان ڕادەکەن و بەربەستەکان دەشکێنن.
یەکێک لە مەترسییە دەستبەجێیەکانی باوکی ڕۆحی ژیریى دەستکرد، پرسی تێکچوونی ڕاستی و دەقەکانە. بەهۆی پەرەسەندنی خێرای مۆدێلە زمانەوانییەکان و دەستکاری ڤیدیۆ و دەنگ، مرۆڤەکان چیتر ناتوانن جیاوازی لەنێوان ڕاستی و درۆدا بکەن. ئەمەش دەبێتە چەکێکی بەهێز لە دەستی "کەسانی خراپەکەر و دیکتاتۆرەکان" بۆ کۆنترۆڵکردنی هزر و تێکدانی پرۆسە دیموکراسییەکان.
ڕۆبۆتە بكوژەکان
هینتۆن، بۆچوونى وایە ژیریی دەستکرد بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە نەک هاوکاری بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی لەناودانى دەیان ملیۆن هەلی کار لە بوارە جیاوازەکاندا (تەنانەت لە ئەندازیاریی نەرمەکاڵا و پزیشکیدا)، کە دەرەنجامەکەی دروستبوونی ناهاوسەنگییەکی گەورەی ئابووری و نەمانى مووچە دەبێت.
مەترسییەکی دیکەی گەورە، بەکارهێنانی ژیریى دەستکردە لە بواری سەربازیی و دروستکردنی "ڕۆبۆتە بكوژەکان". هینتۆن دەڵێت کاتێک وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکەونە کێبرکێی سەربازییەوە، کۆنترۆڵکردنی ئەم سیستمانە زۆر ئەستەم دەبێت و پێویستی بە جۆرێک لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی هاوشێوەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە.
پێشنیازەکانى هینتۆن:
جیفری هینتۆن داوای ڕاگرتنی تەواوەتی گەشەپێدانی نا کات، بەڵام داوای سێ ههنگاوی خێرا دەکات.
یاسای توندی حکومی: نابێت سەلامەتیی مرۆڤایەتی بدرێتە دەست "دەستی شاراوەی بازاڕ" و قازانجی کۆمپانیاکان. پێویستە حکومەتەکان کۆمپانیاکان ناچار بکەن ڕاپۆرتی ستاندارد لەسەر ئاستی ئۆتۆماتیکیکردنی لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژانى ڕابردووشدا ڕایگەیاند، یاسادانەرانى کۆنگرێس نزیکەی ساڵێکیان لەبەردەمە بۆ دانانی پارێزبەندی و ڕێساکان بۆ ژیریى دەستکرد پێش ئەوەی کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆجیاکە زۆر قوورستر بێت.
پێشینەدان بە توێژینەوەی سەلامەتی: پێویستە کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەشێکی زۆری بودجەکانیان (هاوتا لەگەڵ بەهێزکردنی مۆدێلەکان) تەرخان بکەن بۆ چۆنیەتی کۆنترۆڵکردن و تێگەیشتن لە ڕەفتاری ژیریى دەستکرد.
ئامادەکاریی ژێرخانی تەکنەلۆجی: پەرەپێدانی سیستمی پێشکەوتووی پاراستن بۆ ڕێگریکردن لە دەرچوونی بریکارە زیرەکەکان لەژێر دەستی مرۆڤ.
دڕندەکەی فرانکشتاین
جیفری هینتۆن بۆچوونى وایە ژیریی دەستکرد داهێنانێکی ناوازەیە کە دەکرێت ژیانی مرۆڤ لە ڕووی تەندروستی و پەروەردەوە زۆر باشتر بکات، بەڵام هاوکات وەک "دڕندەکەی فرانکشتاین" دەیبینێت؛ هێزێک کە مرۆڤ خۆی دروستی کردووە بەڵام ئەگەر بە خێرایی یاسای بۆ دەرنەکرێت، لە کۆنترۆڵی خاوەنەکەی دەردەچێت.
دڕندەکەی (فرانکشتاین یان دێوەکەی فرانکشتاین) کارەکتەرێکی خەیاڵی بەناوبانگە کە بۆ یەکەمجار لە ڕۆمانی نووسەری ئینگلیز ماری شیلی لە ساڵی 1818 بە ناوی "فرانکشتاین؛ یان پڕۆمێسیۆسی نوێ" دەرکەوت.
ئەم دڕندەیە، یەکێکە لە بوونەوەرە ئایکۆنییەکانی سینەما، لە پارچەی مردووەکان زیندووکراوەتەوە، گەرچی خاوەنی شێوە و بونیادێکی تۆقێنەرە، بەڵام لە دڵدا وەکو منداڵێک ڕەفتار دەکات و تەنیا دەیەوێت لە ژیاندا بمێنێتەوە.
جێفری هینتۆن کێیە؟
جێفری هینتۆن لە 6ـی کانوونی دووەمی 1947 لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایک بووە.
دەروونناسی ئەزموونی خوێندووە و لە ساڵی 1970 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی کینگ لە کامبریج بەدەستهێناوە.
دواتر بڕیاریدا لە زانکۆی ئەدینبۆرگ درێژە بە خوێندن بدات، ئەمجارەیان ژیریى دەستکردی هەڵبژارد، کە تیایدا لە ساڵی 1978 بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت.
دوای بڕوانامەی دکتۆرا هینتۆن لە زانکۆی ساسێکس کاری کردووە و دواتر ڕووی لە زانکۆی کالیفۆرنیا و زانکۆی کارنێگی مێلۆن لە ئەمریکا کردووە.
هینتۆن هاوبەشی دامەزراندنی پەیمانگای ڤێکتەر بووە لە تۆرۆنتۆ و بووەتە سەرۆکی ڕاوێژکاری زانستی. ڤێکتەر یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی توێژینەوە کە تایبەتە بە ژیریى دەستکرد.
بە لەبەرچاوگرتنی بەشدارییە زۆرەکانی لە بوارەکانی ژیریى دەستکرد و فێربوونی قووڵدا، جێفری هینتۆن چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا