هەموو جیهان ماڵئاوایی لە مێسی دەکات
پوختەی هەواڵ:
- مێسی ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هاندەرانی دەکات
- یاریی ئەرجەنتین و بێنین بەڕێوەدەچێت
- زیاتر لە 80 هەزار هاندەر لە یاریگەی مۆنومێنتال ئامادە دەبن
- مێسی لەو ڕێوڕەسمەدا ماڵئاوایی دەکات و بۆ دوایینجار درێسی تانگۆ دەپۆشێت
لیۆنێل مێسی، یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ و گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال، گۆڵکاری مێژوویی ئەرجەنتین و براوەی هەشت باڵۆندۆر، لەبەردەم ملیۆنان هاندەر چ لە یاریگا و دەرەوەی یاریگا ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات.
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەرجەنتین لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بێنین، ڕێورەسمێکی ماڵئاوایی گەورە بۆ ئەفسانە لیۆنێل مێسی ڕێکدەخات، کە لە یاریگای مۆنۆمێنتال و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 80 هەزار هاندەر بەڕێوەدەچێت.
چیرۆکی ژیانی مێسی، چیرۆکی تێکۆشان، بەردەوامبوون و سەرکەوتنە بەسەر مەحاڵدا، مێسی لە 24ـی حوزەیرانی 1987 لە شاری ڕۆزاریۆ لە ئەرجەنتین لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە خولیای تۆپی پێی هەبوو، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە یانە ناوخۆییەکان دەستی بە یاریکردن کرد و دواتر چووە ڕیزی تیمی لاوانی یانەی "نیوێڵز ئۆڵد بۆیز".
کاتێک تەمەنی گەیشتە 11 ساڵ، پزیشکەکان کێشەیەکی تەندروستییان تێدا دۆزییەوە کە کەمیی هۆرمۆنی گەشە بوو. ئەمەش واتای وابوو کە مێسی بە سروشتی گەشە ناکات و باڵای کورت دەمێنێتەوە، بەتایبەت ئەگەر چارەسەر و دەرزی تایبەت وەرنەگرێت، تێچووی چارەسەرەکە مانگانە نزیکەی 900 دۆلار بوو، کە خێزانەکەی و یانەکەی توانای دابینکردنییان نەبوو.
لە کاتێکدا کە هیوای خێزانەکەی بەرەو نەمان دەچوو، بەهرە بێهاوتایەکەی مێسی سەرنجی دۆزەرەوەی بەهرەکانی یانەی بەرشلۆنەی ڕاکێشا، لە تەمەنی 13 ساڵیدا، مێسی تاقیکردنەوەی لە یانەی بەرشلۆنە ئەنجامدا، سەرۆکی ئەو کاتەی بەرشلۆنە، کارلۆس ڕێکساش، هێندە سەرسام بوو بە بەهرەکەی، کە خێرا لەسەر کلێنێکسێک (دەستەسڕی کاغەزی) یەکەم گرێبەستی لەگەڵ مێسی واژۆ کرد.
بەرشلۆنەبەڵێنی دا کە تەواوی تێچووی چارەسەرە پزیشکییەکانی مێسی بگرێتە ئەستۆ، بەو مەرجەی مێسی و خێزانەکەی کۆچ بکەن بۆ ئیسپانیا و مێسی بچێتە ئەکادیمیای بەناوبانگی "لاماسیا"، ئیدی چێرۆکەکە لێرەوە دەستی پێکرد و مێژوو شایەتی ئەم ئەفسانەیەی ئەمڕۆیە.
لە هاوینی 2022، نازناوی مۆندیالی لەگەڵ ئەرجەنتین بردەوە، کە تاکە نازناو بوو لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ون بوو، هەر ئەوەش وایکرد ڕیکۆرد بشکێنێت و هەشتەم باڵۆندۆر بباتەوە.
ئێستا جیهان سوپاسی مێسی دەکەن بۆ ئەو خزمەت و چێژەی بە تۆپی پێی بەخشی، کە جارێکی دیکە هاوشێوەی وەکو ئەو دووبارە نابێتەوە.

1 کاتژمێر پێش ئێستا