سکالۆنی: شانازی دەکەم ڕاهێنەری مێسی بووم

مەستان حوسامەدین 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی مێسی، کە لە یاریگەی مۆنومێنتال بەڕێوەدەچێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، یاریی دۆستانەی ئەرجەنتین و بێنین بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا لیۆنێل مێسی ئەفسانەی وڵاتەکە بۆ دوایینجار بەشداریی دەکات و درێسی تانگۆ دەپۆشێت، پاشان لەبەردەم زیاتر لە 80 هەزار هاندەر ماڵئاوایی دەکات.

لەم بارەیەوە لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری ئەرجەنتین لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی باسی مێسی کرد و هەستی خۆی ئاشکراکرد:

ئێستا تەنیا بیرەوەری و نۆستالجیا دەمێنێتەوە، دەبینین کە مێسی چیتر لەوێ نییە، بەڵێ ناخۆشە و ماڵئاواییەکی سەخت دەبێت، زۆر سەختە خۆمان بگرین کە فرمێسکمان بۆ مێسی نەڕژین، بەڵام تۆپی پێ ئاوایە، ژیان ئاوایە، خاڵی دەستپێک هەیە و خاڵی کۆتاییش هەیە، کاتێک مێسی دەستیپێکرد، ئەفسانەی دیکە ماڵئاواییان کرد، ئێستا مێسی ماڵئاوایی دەکات، ئەستێرەی دیکە دەردەکەون، ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە یاری کردن، بەڵام هەستکردن بە بوونی ئەو لە ناو یاریگادا شتێکی بێ وێنەیە

ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەردەوام دەبێت، لەبەر خاتری ئەفسانەکانمان، لەبەر خاتری ئەو یاریزانانەی لە پێناو ئەم درێسە و ئەم ئاڵایە هەموو شتێکی خۆیان پێشکەشکردووە، بەڵام ڕاستگۆ بم، ئەگەر بە شێوازێکی لۆژیکی بیری لێبکەینەوە چیتر وەک پێشتر نابێتەوە، ئەرجەنتینێکی جیاواز دەبینن."

هیچ جێگرەوەیەک یان (میراتگرێک) بۆ مێسی دروست نابێت، نە لە ئەرجەنتین و نە لە تۆپی پێی جیهاندا، ئەو وێنەی نییە و دووبارە نابێتەوە.

ئەمە ڕۆژێکی مێژوویی و لەبیرنەکراو دەبێت بۆ هەمووان ، زۆر خۆشحاڵم و شانازی دەکەم کە بەشێک بووم لەو گەشتە و ڕاهێنەرایەتی مێسیم کردووە.

لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری ئەرجەنتین.
مەستان حوسامەدین

1 کاتژمێر پێش ئێستا