وەزارەتی ناوخۆ درۆنی پێشکەوتووی بۆ بەرگریی شارستانی و هاتوچۆی هەولێر دابینکرد

کیژان مەحمود 45 خولەک پێش ئێستا
درۆنێک بۆ ئاگرکوژاندنەوە
درۆنێک بۆ ئاگرکوژاندنەوە

پووختەی هەواڵەکە

  • درۆن و ئامێری پێشکەوتوو بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دابینکراوە
  • هێمن میرانی: درۆنەکان سوودی بۆ کوژاندنەوەی ئاگر و هەڵگرتنەوەی مین هەیە

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، یەکێک لە درۆنەکان بۆ ئاگر کوژاندنەوە بەکاردێت و چوار کاتژمێر توانای فڕینی هەیە و دەتوانێت بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 مەتر بەرزببێتەوە و 300 کیلۆگرام بار هەڵبگرێت، جگە لەوەی دەتوانێت بە سۆندە ئاو بۆ زیاتر لە سێ هەزار مەتر بەرز بکاتەوە.


توانای درۆنەکان

  • درۆنەکە تواناى ڕزگارکردنى خەڵکیشى هەیە و دەتوانێت کەسێک هەڵبگرێت و بیگوازێتەوە بۆ شوێنێکى سەلامەت.
  • درۆنی دووەمیش دەتوانێت 50 کیلۆگرام ماددەی پاودەر هەڵبگرێت.
  • درۆنێکی دیکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دابینکراوە بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی شەقامەکان، درۆنێکیش بۆ هەڵگرتنەوەی مین دابینکراوە.

تیمەکان ڕادەهێنرێت

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشى، بۆ بەکارهێنانی درۆن و ئامێرەکان، ڕاهێنان بە تیمەکان کراوە و لە ئێستادا تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر کڕدراوە و دواتر ئەگەر بارودۆخ ئاسایی بووەوە ئەوا بۆ شارەکانی دیکەش دەکڕدرێت و ڕاهێنان بە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکرێت.

کیژان مەحمود

45 خولەک پێش ئێستا