تیباس تۆمەتەکانی ڕیاڵ مەدرید لەبارەی نێگریراوە ڕەتدەکاتەوە
پوختەی هەواڵ:
• خافێر تیباس داوای درێژەدان بە لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لە دۆسیەی نێگریرا دەکات.
• دەنگۆی هەبوونی دەسەڵات و کاریگەریی نێگریرا لەسەر داوەریی ئێستا بە توندی ڕەتدەکرێتەوە.
• سەرۆکی لالیگا ڕەخنەی توند لە هەواڵەکانی کەناڵی ڕیاڵ مەدرید دەگرێت و بە بێبنەما ناویان دەبات.
• لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی تۆمەتەکانی گەندەڵی وەرزشی و کاریگەری لەسەر ناوبژیوانان.
خافێر تیباس، سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی خولی ئیسپانیا، دووبارە دۆسیەی نێگریرای ورووژاندەوە و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان تا یەکلاییکردنەوەی تەواوەتی کردەوە.
تیباس لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕەخنەی لەو ڕەوتە گرت، کە باسی بەردەوامیی دەسەڵاتی جێگری پێشووی لیژنەی داوەران دەکەن و ڕایگەیاند: "ئەوەی ڕوویداوە بابەتێکی زۆر جدییە، بەڵام دروستکردنی چیرۆکێک لە ساڵی 2026دا کە دەڵێت نێگریرا هێشتا کاریگەریی لەسەر ناوبژیوانان هەیە بێمانایە، دووبارەکردنەوەی ئەم قسانەش لە کەناڵی ڕیاڵ مەدرید ناڕاستییەکان ناکاتە ڕاستی."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرۆسەی دادوەری بەردەوامە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا ئەو پارەدانانە کاریگەرییان لەسەر پلەبەرزکردنەوە یان دوورخستنەوەی ناوبژیوانان هەبووە و تاوانی گەندەڵی وەرزشییە یان نا؛ بۆیە دەبێت ڕێگە بۆ دادوەران خۆش بکرێت تا سەرجەم بەڵگەکان بپشکنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا