هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر چەندین جەنگی بەدوای خۆیاندا هێنا
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چەندین جەنگ و ئاڵۆزیی بەدوای خۆیاندا هێنا.
- 7ـی ئۆکتۆبەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد.
- 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکە داڕشتەوە.
هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی و بەبارمتەگرتنی 251ـی دیکە، کە 168یان بەزیندوویی گەڕێنرانەوە بۆ ئیسرائیل و ئەوانی دیکەیان گیانیانلەدەستدا.
ڕاگەیاندنى جەنگ و بۆردوومانى غەززە
- وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیش بە وێرانبوونی غەززە و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە دانیشتووانەکەی.
- هەروەها کوژرانی 75 هەزار و 225 فەلەستینی و تاوەکو ئێستاش کۆتایی نەهاتووە.
- لەولاشەوە گورزی قورسی ئیسرائیل لە حەماس و حیزبوڵای لوبنان بەردەوامە.
- دیارترین سەرکردە باڵاکانیان کوژران و خاکێکی بەرفراوانیش لە غەززە و باشووری لوبنان کەوتە دەست سوپاکەیان.
- یەکێک لە دیارترین پێشهاتەکانی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر، دەستپێکردنی هێرشی مووشەکیی ڕاستەوخۆ بوو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران.
- دواتر هێرش و ئۆپراسیۆنە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و وەڵامدانەوە مووشەک و درۆنییەکانی ئێران لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەوە.
7ـى ئۆکتۆبەر و کەوتنى بەشار ئەسەد
داڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریاش لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ڕوویدا، کە بەرفراوانبوونی کارتێکەرە هەرێمییەکان بوونە هۆی ناسەقامگیربوونی سووریا، تاوەکو دۆخەکە گەیشت بە لوتکەی داڕمانی ئەو دەسەڵاتە لە کۆتاییەکانی 2024دا. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی هەژموونی تورکیا و دەستبەسەرداگرتنی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
کاریگەرییەکانى دواى ڕووداوەکانى 7ـى ئۆکتۆبەر
ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەردا، ڕوویدا تەنیا هێرشێک نەبوو کە دەستپێک و کۆتایی هەبێت، بەڵکو بە ئێستاشەوە کاریگەرییەکەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژبووەتەوە، جگە لە فەلەستین و لوبنان، هێشتا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە و ئەمەش کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە بەردەوامن.
دواى هێرشەکانى بزووتنەوەى حەماس، حوسییەکان پشتیوانییان بۆ غەززەییەکان دەربڕی و بۆردوومانى ئیسرائیلیان کرد و گرفتیان بۆ هاتوچۆى کەشتییەکان لە گەرووى بابولمەندەب دروستکرد و ئێستاش جەنگى حوسییەکان فراوانتر بووە.
پەککەوتنی جموجوڵی بازرگانی لە گەرووەکانی هوورمز و بابولمەندەب، نرخی نەوت و وزەی جیهانیان گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار، گۆڕانکارییەکانی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەر بوون، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە ناڕەزایەتیی بەرفراوانی وڵاتانی ئەورووپای لێکەوتووەتەوە و هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلی گرژ کردووە و هەڵسەنگاندنەوەی هەژموونی دەسەڵاتی جیهانی لە نێوان ئەمریکا و چین و ڕووسیادا خێراتر کردووە ، بەشێک لە وڵاتانى ڕۆژئاواش پشتیوانیی چارەسەرى دوو دەوڵەتى بۆ ئیسرائیل و فەلەستین دەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا