ڕۆناڵدۆ هەموو شتێکی لەبارەی جێهێشتنی ڕاهێنانەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئاشکرا کرد
لە چوارشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەموو دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەمشەو بێدەنگی شکاندوو ئەوەی لە ژێر بەڕڕە بوو خستیە سەر بەڕە، لە بەیاننامەیەکدا هەموو شتێکی لەبارەی جێهێشتنی کەمپی راهێنانەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی ئاشکراکرد.
رۆناڵدۆ لە سەرەتای بەیاننامەکەیدا دەڵێت، دوای جامی جیهانیی نامەیەکم ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی وەکو دوا پەیامی خۆم لەکاتی وازهێنان لە یارییە نێودەڵەتییەکان ئاڕاستەی گەلی پۆرتوگالی بکەم، بەڵام هێشتا لە فڕۆکەدابووم لەکاتی گەڕانەوەم لە ئەمریکاوە، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی پۆرتوگال داوای لێکردم پێداچوونەوە بە بڕیاری وازهێنانم لە هەڵبژاردی نیشتمانی بکەم چونکە هێشتا تۆپی پێی پۆرتوگال پێویستی بە منە و دەیانەوێت بەردەوام بم.
رۆناڵدۆ دەڵێت، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی پۆرتوگال بۆچوونی منی وەرگرت لەبارەی راهێنەری ئێستای هەڵبژرادەی پۆرتوگال، ناوی چەند راهێنەرێکی دیکەشی هێنا، منیش وەڵامم دایەوە و پێم وت کە خیسۆس بژاردەیەکی نایابە، هەر ئەو ڕۆژە خیسۆس وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی پۆرتوگال ناسێندرا، منیش دڵم بە بڕیارەکە خۆش بوو هەر ئەوەش بڕیارە دروستەکە بوو، ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش ئەوە دەسەلمێنن.
کریستیانۆ دەڵێت، دوای چەند رۆژێک خیسۆس پەیوەندی پێوەکردم و داوای کرد بمبینێت، هەر ئەو رۆژە راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال پێی وتم کە بوونی تۆ لە پێکهاتەی نیشتمانییدا زۆر گرنگە، پلانی خۆی بۆ ئاشکراکردم کە دەیەوێت لە نەیشنزلیگدا لە کۆی چوار یاریدا لە دوو یاریی بەشداربم، پێشنیازی ئەوەشی بۆ کردم لەو دوو یارییەی کە یاری ناکات لە پۆرتوگال بمێنمەوە بەڵام من ئەوەم رەتکردەوە و وتم دەمەوێت لەگەڵ هاوڕێکانم بم.
لە گفتوگۆکانی نێوان رۆناڵدۆ و خیسۆسدا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی نەسر و کەسێکی دیکە ئامادەبوون، کرستیانۆ دەڵێت، یەکەم یاری بەگوێرەی ئەو پلانەی لەسەر ڕێککەوتبووین بە باشی رۆیشت، هەرچەندە لە نیوەی دووەمی یارییەکە داینیشاندم بەڵام من نەمکرد بە کێشە چونکە پێم وابوو بردنەوەمان لە هەموو شت گرنگترە.
کریستیانۆ دەڵێت، بە گوێرەی پلانەکە، دەبوو لە یاریی دووەم بەرامبەر بە نەرویج یاری نەکەم، بەڵام یاریدەدەری راهێنەری نیشتمانی هاتە لام و وتی، خێسۆس دەیەوێت لەم یارییەدا 30 خولەک یاری بکەیت، بۆیە هاتووم بۆلات تاوەکو بزانم ئامادەی یان نا، منیش وتم ئامادەم.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا راهێنەر داوای لێکردم خۆم گەرم بکەم بۆ یارییەکە، بەڵام یاری پێنەکردم و بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر، لەگەڵ کۆتاییهاتنی یارییەکە دەستبەجێ یاریگاکەم جێهێشت بەبێ ئەوەی سڵاو لە هاندەرانی پۆرتوگال و ئەو کەسانەش بکەم کە تەنیا بۆ بینینی من هاتبوون، لەسەر ئەو رەفتارە داوای لێبووردن دەکەم.
رۆناڵدۆ دەڵێت، دوای 48 کاتژمێر من و خیسۆس و کەسێکی دیکە گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە کرد، ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە راهێنەری پۆرتوگال هەموو ئەو شتانەی کە لەسەری ڕێککەوتبووین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بیڵێت، کە هەڵەبووە داوای لە من کردووە خۆم بۆ یارییەکە گەرم بکەم و کەچی یاریشم پێ نەکات، جارێکی دیکە ئەوە دووبارە نابێتەوە.
کریستیانۆ دەڵێت، لەسەر دەقێکی نووسراو ڕێککەوتین کە راهێنەری پۆرتوگال دەبێت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بیڵێت، گرنگترینیان ئەم شتانەبوون کە دەبوو خیسۆس بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بیڵێت.
یەکەم: من واتا بە شەخسی پێشنیازی ئەوەم کردووە کە رۆناڵدۆ لەم وەرزەی هەڵبژاردەکەماندا لەگەڵمان بێت.
دووەم: من دەزانم رۆناڵدۆ چەندە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆش دەوێت، دەشزانم کە چەندە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەکە هەبووە لە 24 ساڵی رابردوودا.
سێیەم: هەرچەندە لە پلانماندا نەبوو لە یارییەکەی نەرویج یاری بکات بەڵام من داوام لێکرد بەشدار بێت و کریستیانۆش رازی بوو.
چوارەم: هەڵەم کرد کە یاریزانێکی گەورەی وەکو رۆناڵدۆم هەستان بۆ خۆ گەرمکردن بەڵام یاریم پێ نەکرد، لەکاتێکدا کریستیانۆ یاریزانێکە لە ئاستی پێلێ و مارادۆنا.
ئەمانە و چەند خاڵێکی تریان بۆ خێسۆس نووسیوە و دەبوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بیانڵێت، بەڵام کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کرا و خێسۆس هیچ یەک لەو قسانەی نەکرد بەڵکو ئاڕاستەی قسانەکانی زۆر پێچەوانەی ئەوە بوو کە لەسەری رێککەوتبوون، رۆناڵدۆ دەڵێت، ئەوە دووەم جار بوو کە خێسۆس بەڵێنەکەی شکاند، بۆیە بڕیارمدا کەمپی راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەم جێبهێڵم و چاوەڕێی ئەوە نەکەم کە جارێکی تر بێبەڵێنیم بەرامبەر بکرێت.
رۆناڵدۆ دەڵێت، دوای ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە قسەم لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی پۆرتوگال کرد و پێم وت، ئەگەر منتان ناوێت لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی پرتوگال بە راستەوخۆ پێم بڵێن و پێویست بەم شێر و ڕێوییە ناکات، منیش زۆر بە ئاسایی وەری دەگرم و هیچ کەسیش توڕە نابێت.
رۆناڵدۆ داوای لێبووردن لە هاوڕێکانی و گەلی پۆرتوگال دەکات و دەڵێت، لە ماوەی 25 ساڵی یاریکردنمدا هیچ کات دەستوەردانم لە کاری راهێنەرەکاندا نەکردووە راست بووبێت یاخود هەڵە، هەر بڕیارێک درابێت رێزم لێگرتووە، بەڵام کاتێک دەبینم پابەندی بەڵێنەکانیان نین، هەست بەوە دەکەم کە ئەمە شوێنی من نییە و دەبێت جێیبهێڵم، هەر بۆیە جانتاکانم پێچایەوە و ڕۆیشتم.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەڵێت، پێویستە یەکێتی تۆپی پێی پۆرتوگال هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کارەی من بکات و سزام بدات، پێویستیش ناکات سزاکەم لەسەر سووک بکەن، من یاریزانێکی ئاسایی نیم بەڵکو کاپتنی هەڵبژاردەکەمم، ئەوەش وا دەکات سزاکەم قورستر بێت، هەموو کەس دەزانێت هەر کارێکی لەو جۆرەی کە من کردم سزای خۆی هەیە، یاساکە بۆ هەمووانە وەکو یەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئەو کەسەی کە سەرپێچییەکەی کردووە.
سەبارەت بە یاریی ماڵئاوایی، زۆر قسەم بیستووە لەو بارەیەوە، باسی ئەوە دەکرێت دەبێ یاریی ماڵئاوایی لە ئاست گەورەیی مندا بێت، بەڵام من دەڵێت، ژیان فێری کردم کە هیچ کەسێک شتێکی بێبەرمبەر نادات بە کەسێکی دیکە، بۆیە دەتوانم بەڵێن بە هەموو هاندەرەکانم و گەلی پۆرتوگال بدەم کە نەک تەنیا یەک یاری دەتوانم زیاد لە یارییەکی ماڵئاواییان بۆ ڕێکبخەم، کاتیش زۆرە بۆ ئەوە.
سەبارەت بە یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی پۆرتوگال، رۆناڵدۆ دەڵێت، من تەنیا بیر لە رکابەرێتیی دەکەمەوە، هەر شتێکم لەتوانادا بووبێت بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم کردوومە، ئەوەی بۆ پۆرتوگالم کردووە بۆ هیچ یانەیەکم نەکردووە کە یارییم تێیدا کردووە، بۆیە ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە ئامادەبم و بتوانم لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم یاری بکەم و گۆڵ تۆمار بکەم بێگومان دوای تەواوکردنی سزاکەم، وەکو هەموو کات ئامادەم بۆ کێبڕکێکردن و بردنەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەمدا.
رۆناڵدۆ بەیاننامە دوور و درێژەکەی بەم رستەیە کۆتایی پێدەهێنێت، " بڕوام پێ بکەن ئەمە راستییە رەهاکەیە"
بێگومان مەبەستی ئەو هەموو قسەیەیە کە ئێستا من بۆم کردن.
58 خولەک پێش ئێستا