لە سۆران داربڕین دەستیپێکردووە و پۆلیسى دارستانیش کەمە

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى سۆران ڕوویان لە داربڕین کردووە.
  •  داربڕینەکە زیانى بە ژینگەى سنوورەکە گەیاندووە.
  • پۆلیسى دارستان و ژینگە هۆشدارى لە زیادبوونى حاڵەتەکانى داربڕین دەدات.

حەمید ئەمیر خۆشەوى، گوتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سۆران بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، 14 کەس لە سنوورى باڵەکایەتى بە تۆمەتى بڕینى دار دەستگیرکراون.


گوتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سۆران:

  • هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنى داربڕەکان لە قەسرێ و وەرتێ دەستیپێکردووە.
  • هەڵمەتێکى چڕى داربڕین بەهۆى قەیرانى سووتەمەنى و نزیکبوونەوەى وەرزى سەرما لە سنوورەکەمان دەستیپێکردووە.
  • بەهۆى نەبوونى بنکەى پۆلیس و دارستانى ژینگە لە چۆمان، ناتوانن وەک پێویست چاودێرى شوێنەکان بکەن.

پێشترش ژمارەیەک داربڕ دەستگیرکراون

ئەوە لەکاتێکدایە، مانگى ڕابردوو 20 کەس لە سنوورى ئیدارەى سۆران بە تۆمەتى دابرین دەستگیرکراون، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى دابڕینەوە دەستگیرکراون، بۆ 34 کەس بەرزبووەوە.

زیادبوونى بڕینەوەى درەخت، لەوەرزى زستاندا لەلایەن دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلەکانى گەرما بەڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزن و نەوتى پێویستیشیان بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە.

ئەم داربڕینە هەڕەمەکییەى ئیدارەى سۆران، هاوکاتە لەگەڵ داربڕینەکەى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک، لەلایەن سوپا و بەڵێندەرانى تورکیاوە.

نەوتیش گرانە

نرخی نەوتی سپیی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و جیاوازیی نرخ لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەگاتە 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا دابینکردنی نەوت لە بەنزینخانەکاندا بە شێوەیەکی سنووردارە، هاونیشتمانییان چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتن بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراو.

بەگوێرەى سەرژمێریی عێراق لە ساڵی 2024دا، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان هەن، بەمەش ئەگەر بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دابین بکرێت، پێویستیی گشتی دەگاتە زیاتر لە 275 ملیۆن لیتر نەوتی سپی.

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا