ئەردۆغان بۆ یادى لە دایکبوونى پوتین چى پێوتووە؟

محەمەد عەلی 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، تاوتوێی دۆخی دەریای ڕەشیان کرد.
  • ئەردۆغان جارێکی دیکە ئامادەیی تورکیای بۆ نێوەندگیریی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەربڕی

لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەشتییە تورکییەکان لە دەریای ڕەش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و ئەردۆغان پیرۆزبایی لە پوتین کرد بەبۆنەی ڕۆژی لە دایکبوونی و سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا لێکرد.


ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە

  • فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا: پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا و بابەتە ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتوێ کراون.
  • ئەردۆغان بۆ پوتین: هەوڵەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای ڕەش گرنگییەکی زۆریان هەیە.
  • ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە هاوکاری ئەو هەوڵانە بێت کە پەیوەستن بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ڕووسیا لە کاتێکدایە هێرش بۆ سەر کەشتییە تورکییەکان لە دەریای ڕەش، بەردەوامە و لەماوەی دوو ڕۆژی پێنج و شەشی ئەم مانگە سێ کەشتیی تورکی بە ئامانج گیراون و گیانلەدەستدانی دوو کەشتیوان و برینداربوونی لانیکەم 13 کەشتیوانی لێکەوتووەتەوە.

محەمەد عەلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا