ساڵی پار 20,000 منداڵی بێسەرپەرشت وەک کۆچبەر ڕوویان لە ئەورووپا کردووە

بەهزاد ئەحمەد 59 خولەک پێش ئێستا
زیادبوونى ئامارەکانى منداڵانى کۆچبەر بۆ ئەورووپا ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە
زیادبوونى ئامارەکانى منداڵانى کۆچبەر بۆ ئەورووپا ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە

پووختەى هەواڵەکە

  • نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەری منداڵ و خوار تەمەنی  یاسایی بەبێ سەرپەرشت گەیشتوونەتە ئەورووپا.
  • نەتەوەیەکگرتووەکان: هاتنی منداڵی کۆچبەری بێسەرپەرشت بۆ ئەورووپا زیادیکردووە
  • نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەبارەى ئەو سەختی و تووندوتیژییانەی لە ڕێگەدا ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە.

هەردوو ڕێکخراوی منداڵان و کۆچ و پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، لە کۆی 31 هەزار و 100 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی، کە ساڵی ڕابردوو بە ڕێگەی قاچاخ گەیشتوونەتە ئەورووپا، زیاتر لە 20 هەزاریان بەبێ دایک و باوک یان سەرپەرشتیار ئەو ڕێگە پڕ لە مەترسییەیان بڕیوە و زیاتر لە نیوەیان ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی تووندوتیژی بوونەتەوە، لەوانە تووندوتیژیی جەستەیی.


بەراوردى ڕێژەکان لەنێوان ساڵانى 2024-2025

  • هەرچەندە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی 2024 ڕێژەی گەیشتنی منداڵان بە ئەورووپا 25% کەمیکردووە، بەڵام ڕێژەی هاتنی منداڵانی بێسەرپەرشت لە 51%وە بۆ 67% بەرزبووەتەوە.
  •  ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و پەنابەران ئەمە وەک پێشهاتێکی مەترسیدار ناودەبات.
  • ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و پەنابەران داوا دەکات، منداڵان بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە نەکرێنەوە.

ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان

لە کۆی گشتیی ئەو 20 هەزار منداڵە بێسەرپەرشتەی ساڵی پێشوو گەیشتوونەتە ئەورووپا، زیاتر لە 12 هەزاریان بۆ ئیتاڵیا هاتوون، کە زۆربەیان خەڵکی میسر، ئێریتریا، بەنگلادیش، سۆماڵ و سودان بوون.

هەروەها زیاتر لە چوار هەزار و 700 منداڵی دیکەش گەیشتوونەتە ئیسپانیا، کە زۆرینە خەڵکی جەزائیر، مەغریب، مالی و سەنیگال بوون، بەشەکەی دیکەشیان کە ژمارەیان زیاترە لە سێ هەزار منداڵ و مێردمنداڵ، ڕوویان لە وڵاتەکانی دیکەی ئەورووپا کردووە.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

ئیسپانیا لێکۆڵینەوە لە هاتنی لێشاوی کۆچبەران لە مەغریبەوە دەکات

بەهزاد ئەحمەد

59 خولەک پێش ئێستا