کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس تابلۆکانی لێدەکاتەوە
پووختەى هەواڵەکە
- پەیوەندییەکانى لەندەن و تەلئەڤیڤ بەرەو ئاڵۆزى دەچن.
- ئیسرائیل فەرمانی داخستنی کونسوڵخانەی بەریتانیاى دەرکردووە.
- کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس تەمەنی 200 ساڵە.
بەریتانیا لافیتە و تابلۆکانی سەر کونسوڵخانەى وڵاتەکەى لە قودسی ڕۆژهەڵات لێکردەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرمانی داخستنی دەرکرد، فەرمانەکەش لە وەڵامی پلانەکانی لەندەنە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئۆردووگا جوونشینەکان لە کەنارى ڕۆژئاوا.
ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک کارمەندی کونسوڵخانەی بەریتانیا بینراون، کە تابلۆکانی کونسوڵخانەکە لێ دەکەنەوە، تەنیا ئاڵای بەریتانیایان لە شوێنی خۆی هێشتووەتەوە.
بۆچى پەیوەندییەکانیان بەم دۆخە گەیشتوون:
- بەریتانیا چەند جارێک ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت، بەرامبەر ئەو کارانەی لە جەنگی غەززە دەیکات.
- چەند جارێکیش ڕەخنەی توندی لە هێرشە دووبارەبووەکانی ئیسرائیل لەسەر فەڵەستیینییەکانی کەنارى ڕۆژئاوا گرتووە.
- حکومەتی ئیسرائیل، پارتی کرێکارانی بەریتانیاى بە مامەڵەی دژکارانە بەرامبەر ئیسرائیل تۆمەتبارکردووە.
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس تەمەنى 200 ساڵە
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس، دەکەوێتە گەڕەکی شێخ جەراح و پەیوەندییەکانی لەم کونسوڵخانەیەوە لەگەڵ فەڵەستینییەکانی شارەکە و کەنارى ڕۆژئاوا و غەززەش ڕێکدەخات.
نزیکەی 200 ساڵیشە ئەم کونسوڵخانەیە لە قودس هەیە، واتە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتى ئیسرائیل لە ساڵی 1948.
بڕیارەکەى حکومەتى ئیسرائیل، داخستنى باڵیۆزخانەى بەریتانیا لە تەلئەڤیڤ ناگرێتەوە، کە بەرپرسە لە کاروبارى دیپلۆماسیی وڵاتەکە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا