شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەدان

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • شاندى هەرێمى کوردستان لە دوێنێوە لە بەغدادە.
  • ئەمڕۆ دەستى بە کۆبوونەوە فەرمییەکانى کرد.
  • جیاوازییەکان زۆرن چاوەڕواندەکرێت دانوستانێکى سەخت بکرێت.

زانیاریى ئەوە بە کەناڵ8 گەیشت، شاندى باڵاى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لە کاتژمێر 10 و 30ـى خولەکى پێش نیوەڕۆوە لەگەڵ فالح سارى وەزیرى دارایى عێراق لە کۆبوونەوەدایە، تەوەرى سەرەکیش پرۆژەیاساى بودجە و پشکى هەرێمى کوردستانە.


ئامانجى شاندەکە:

  • گفتوگۆ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان.
  •  لێکتێگەیشتن بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.

پێکهاتەى شاندەکە:

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.

ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

 بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

دیارترین ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد:

هەرێمی کوردستان داوا دەکات، پشکی لە بودجە بە ڕێژەی %14.14 بێت لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری گشتیی کە ئەنجام درا. حکومەتی بەغداد پشکی هەرێمی کوردستانى بە %12.7 دیاری کردووە.

بەغداد داوا دەکات هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل ڕادەست بکات، هەرێمى کوردستان بەوە ڕازیی نییە و دەیەوێت 250 یان 280 هەزار بێت.

عێراق دەڵێت داهاتی باج و گومرگ سیادییە و دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند، هەرێمى کوردستان دەڵێت سیادی نییە.

پڕۆژە بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق گوژمەکەى بە 200 تاوەکو 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمى کوردستان داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە بۆ مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستیشی کردووە.

پێش چوونى شاندەکە و سێشەممە فەرمانگەى میدیا و زانیارى لە ڕاگەیێنراوێکدا داوایکرد مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتەهۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە.

داوشیکردبوو لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا