ڕۆژانە لە باکووری کوردستان و تورکیا ژنێک دەکوژرێت
پووختەى ڕاپۆرتێکى نوێ:
- لە باکوورى کوردستان و تورکیا ژنکوژى لە هەڵکشانە.
- ئەمساڵ 272 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
- زۆرینەى ژنەکان لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین" مانگی ئەیلوول لە باکووری کوردستان حەوت ژن و لە تورکیاش 21 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. هاوکات 19 ژنی دیکە بە هۆکاری گوماناوی، گیانیان لەدەستداوە.
ناڕوونى هۆکارەکان:
- نازانرێت 82%ـی ژنەکان لەبەرچی هۆکارێک کوژراون.
- 7%ـیان بەهۆی ئەو بڕیارەی لەبارەی ژیانیان داویانە کوژراون.
- 11%ـشیان بە هۆکاری ئابووری و هۆکاری دیکە کوژراون.
کێ ژنەکانى کوشتووە؟
- پێنجیان لەلایەن هاوسەرەکانیان و سێ لە کچەکان لەلایەن ئەو کوڕەی پەیوەندییان لەگەڵی هەبووە.
- دووانیان لەلایەن ناسراوێک، دوو ژنیان لەلایەن باوکیانەوە.
- ژنێکیان لەلایەن کوڕەکەی، ژنێک لەلایەن براکەی، ژنێکیان لەلایەن هاوسەری پێشووی.
- ژنێکیان لەلایەن ئەو کوڕەی پێشتر پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە.
- ژنێکیان لەلایەن خزمێکی، ژنێک لەلایەن زاواکەی و چوار ژنیشیان ئاستی نزیکایەتیی بکوژەکانیان دیارینەکراوە.
ژنکوژى لە هەڵکشانە
ڕاپۆرتە دەریدەخات، 50%ـی ژنەکان لە ماڵەکانیان، 21%ـیان لەسەر ڕێگاکان و ئەوانی دیکەش لە شوێنی جیاواز کوژراون.
لەبارەی جۆری کوشتنەکەشیان، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەو 28 ژنەی کوژراون، 15ـیان بە چەک، حەوتیان بە چەقۆ، دوو ژنیان بە خنکاندن و ژنێکیان بە لێدان کوژراون.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی پلاتفۆڕمەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە باکووری کوردستان و تورکیا 272 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
تەنیا لە باکووری کوردستان و تورکیا نییە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە کۆتایی 2025 بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژانە لە جیهاندا نزیکەی 137 ژن لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن، واتە لە هەر 10 خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا