بەڕێوەبەریی تەڤگەر: تەواوى هێزەکانمان لەناو تورکیا و نزیک سنوورەکان کشاندووەتەوە
- بەڕێوەبەریی تەڤگەر لەبارەى پرۆسەى ئاشتییەوە دوایین هەنگاوەکانى گرتەبەر.
- بەڕێوەبەریی تەڤگەر کە بەناوى پەکەکەوە لێدوان دەدات لەمەودوا تورکیا بە بەرپرسیار دەزانێت.
- بەڕێوەبەریی تەڤگەر سەرجەم گەریلاکانى لە ناوچەى مەتینا کشاندووەتەوە.
بەڕێوەبەریی تەڤگەر کە پاش خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە ناوی ئەو بزووتنەوەیە لێدوان دەدات ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئاکپارتی هیچ بیانوویەکی بەدەستەوە نەمێنێت و بە کەموکوڕییەوە لە پڕۆسەکە نزیک نەبێتەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەو هێزانەشیان کشاندووەتەوە، کە لە ناوخۆی تورکیادا بوون و هیچ مەترسییەکی پێکدادانیان دروست نەدەکرد.
لێدوانەکەى بەڕێوەبەریی تەڤگەر:
- چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرەکانمان لە ناوچەی مەتینا، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای زاپ، چۆڵکردووە.
- ئێستا تەواوی هێزە چەکدارەکانمان لە ناوخۆی سنوورەکانی تورکیا و ئەوانەشی کە لە دەرەوەی تورکیان و لە سنوورەوە نزیکن، کشاندووەتەوە.
- تەواوی ئەرک و پێداویستییەکانی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا، جێبەجێ کراون.
داواکارى و هۆشدارى بۆ تورکیا:
بەڕێوەبەریی تەڤگەر داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات، چیتر باسی بوونی هەڕەشەی چەکداری بۆ سەر وڵاتەکەى نەکات.
هۆشدارییش دەدات و دەڵێت، ئەگەر بەها و واتا بەم هەنگاوانە نەدرێت کە ناویانە و هەنگاوی پێویست سەبارەت بە یاساکانی ئازادی نەنرێت، لە سەرووی هەموویانەوە ئازادیی ئۆجەلان، واتە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر نکۆڵیکردن و لەناوبردن.
لە درێژەی ڕاگەیێنراوەکەی بەڕێوەبەریی تەڤگەردا جەخت لە ئازادیی ئۆجەلان کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، ئێستا و پاش ئەم هەنگاوانە، هیچ ڕێگری و پاساوێک لەبەردەم هەنگاونان بۆ ئازادیی ئۆجەلاندا نەماوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا