هاوشێوەکەى ترەمپ لە بەڕازیل دۆڕا

شێوە عومەر 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • بەربژێرێکى هەڵبژاردنە گشتییەکانی بەرازیل، ڕێگەیەکی جیاوازی گرتەبەر.
  • هەوڵیدا بە لاساییکردنەوەى ترەمپ کورسییەک لە کۆنگرێس بباتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
  • ڕۆژی 4ـی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی گشتی لە بەرازیل بەڕێوەچوو.

ئەو بەربژێرە کە ناوی پلینیۆ ڤیسێنتین جونیۆرە، دەستیکردبوو بە لاسایی کردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەو هیوایەی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت، بۆ چوونە ناو کۆنگرێسی بەڕازیل، بەڵام ئەنجامەکان بەجۆرێکی دیکە شکانەوە.

پلینیۆ قژی وەکو ترەمپ ڕێکدەخست و هەوڵیدا هەمان شێوازی ڕووخسار و کەسایەتیی ئەو پەیڕەو بکات، لە دیمانەکانیدا بە گەشبینییەوە باسی لەوە دەکرد، ئەم ڕێگەیە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە پێیوابوو خەڵک حەزیان بەو کەسایەتییە ئەمریکییەیە.


پلینیۆ یان ترەمپى بەڕازیل؟

  • تەنانەت ناوی خۆی لە فۆڕمی هەڵبژاردندا بە "ترەمپ" تۆمار کرد.
  • داوای لە دانیشتووانی ویلایەتی میناس گێراس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل کرد، دەنگ بە "پلینیۆ ترەمپ" بدەن.
  • دەرئەنجامەکە بە جۆرێکی دیکە شکانەوە، لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا 161 دەنگی بەدەستهێنا.
  • لە کۆی 710 بەربژێرى کۆنگرێس لەو ویلایەتەدا، پلەی 626ـەمی وەرگرت.

"زۆر بەسوودە کە لە ترەمپ بچیت"

لەوانەیە کات و شوێنەکە گونجاو نەبووبن بۆ ئەم لاساییکردنەوەیە، بەتایبەت کە ساڵی ڕابردوو، بەهۆی بڕیارە ئابوورییەکانی ترەمپەوە و سەپاندنی باجی %50ـى بەسەر کاڵا بەرازیلییەکاندا، ڕای گشتیی خەڵک کەمێک سارد بووبووەوە بەرامبەر ترەمپ.

سەڕەڕای ئەم ئەنجامە، پلینیۆ هێشتا باوەڕی بە هەڵبژاردنەکەی هەبوو و ڕژد بوو لەسەری، ئەو لە لێدوانێکدا گوتی: "زۆر بەسوودە کە لە ترەمپ بچیت، چونكە ئەو لە جیهاندا هێمایەکی ناسراوی باڵی ڕاستە."

هەڵبژاردنەکەى بەڕازیل

ڕۆژی 4ـی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی گشتی لە بەرازیل بەڕێوەچوو، تیایدا بەڕازیلییەکان دەنگیان دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی بەرازیل، 513 ئەندامی کۆنگرێس لەگەڵ پارێزگاری ویلایەت و ئەنجوومەنی ویلایەتەکان.

فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆی باڵی ڕاستڕەو، بە %47ـی دەنگەکان، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڕازیلی بردەوە و بەسەر لولا دا سیلڤا، بەربژێری باڵی چەپ سەرکەوت کە %45ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی تەواو بەدەستبهێنێت.

بڕیارە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە نێوان دوو بەربژێرەکەدا، لە 25ـی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت.

شێوە عومەر

1 کاتژمێر پێش ئێستا