پەیکەرێکی ڕووتی ترەمپ لە پەرلەمانی ئەورووپا نمایش دەکرێت

شێوە عومەر 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى ستۆریەکە

  • پەیکەرێکی ڕووتی ترەمپ لە پەرلەمانی ئەورووپا نمایش دەکرێت.
  • پەیکەرەکەی ترەمپ بە "پاشای نادادپەروەری" ناسراوە.
  • تاعونى پڕتەقاڵى لەناو پەرلەمانى ئەورووپا نمایش کراوە.

لە ڕێڕەوێکی قەرەباڵغی پەرلەمانی ئەورووپادا، سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران کاتێک تێپەڕدەبن، چاویان بە دیمەنێکی سەیر و جیاواز دەکەوێت، ئەویش پەیکەرێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە کە هیچ پۆشاکێکی لەبەردا نییە و تەنیا بە چینێکی تەنکی ئاڵتوونی عەیارە 23 داپۆشراوە.


ناوى کارە هونەرییەکە

  • ناوی کارە هونەرییەکە "تاعونی پرتەقاڵی"ـیە، لە شاری ستراسبێرگ، لە فەرەنسا و لە بارەگای فەرمیی پەرلەمانی ئەورووپا دانراوە.
  • پەیکەرەکە کە بەرزییەکەی دوو مەتر و نیوە، بە "پاشای نادادپەروەری"ـش ناسراوە.
  • سەرۆکی ئەمریکا پیشان دەدات لەسەر شانەکانی کەسێکی لاوازتر و بچووکتر لە خۆی دانیشتووە و دارێکی گۆڵف و تەرازوویەکی دادپەروەری بەدەستەوە گرتووە.
  • لەسەر بنکەی پەیکەرەکە نووسراوە: "من لەسەر پشتی پیاوێک دانیشتووم، ئەو لە ژێر باری مندا نوقم دەبێت، هەموو شتێک دەکەم بۆ یارمەتیدانی، جگە لەوەی لەسەر پشتی بێمە خوارەوە".
  • کارە هونەرییەکە لەلایەن یێنس گاڵشیۆت، هونەرمەندی دانیمارکی دروستکراوە، بۆ گاڵشیۆت، لەم کارەیدا هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ژینگە، سیستمی جیهانی و بەها دیموکراتییەکان پیشان دەدات.

هونەرمەندە دانیمارکییەکە لە لێدوانێکدا دەڵێت: "پێویستە چارەسەری ئەم پرسە بکەین و شانبەشانی یەکدی ڕاوەستین دژی ئەم کاریگەرییە وێرانکەرە".

بە گوتەی گاڵشیۆت، پەیکەرەکە ئیلهامی لە چیرۆکی "جلە نوێیەکەی ئیمپراتۆر" وەرگرتووە، کە چیرۆکێکی ئەفسانەییە دەربارەی سەرکردەیەکی خۆبەزلزان، پێی وایە جلێکی شکۆمەندی لەبەردایە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ڕووتە.

لە چیرۆکەکەدا، خەڵکی دەورووبەری ئیمپراتۆر، لە ترساندا بێدەنگ دەمێننەوە و ستایشی ئیمپراتۆر دەکەن، تاوەکو ئەو کاتەی منداڵێک ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ جلێکی لەبەردا نییە و بەمەش ئیمپراتۆر دەبێتە جێی گاڵتەپێکردن.

ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی نمایشکردنی پەیکەرەکەیە لە پەرلەمانی ئەورووپا و تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ هیچ کاردانەوەیەکی لەبارەیەوە نەبووە.

شێوە عومەر

1 کاتژمێر پێش ئێستا