جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتە ڕێگەیەکى داخراو؛ شارى میامى کۆبوونەوە گرنگەکە لەخۆدەگرێت
پووختەى هەواڵەکە
- ئەمڕۆ هەینى، ستیف ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ شاندى دانوستانکارى ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.
- پێشنیازێکى نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.
- نوێنەرانى بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، لە کۆبوونەوەکاندا بەشداردەبن.
- مارکۆ ڕوبیۆ: جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە ڕێگەیەکى داخراو.
چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسى ئەسۆشێتد پرسێیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینى لە شارى مەیامى، نێردەکانی ترەمپ لەگەڵ دانوستانکارانى ئۆکرانیا کۆدەبنەوە و پێشنیازێکى نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، هاوکات نوێنەرى لایەنە ئەورووپییەکانیش بانگێشتى کۆبوونەوەکان کراون.
بیرۆکەکانى کۆشنەر و ویتکۆف
- ویتکۆف و کوشنەر تاوتوێى بیرۆکە و پێشنیازێکى نوێ دەکەن.
- کە لە دوایین سەردانیان بۆ مۆسکۆ و کیێڤ لە ئەیلوولى ڕابردوو لەگەڵ ئۆکرانى و ڕووسەکان پەرەیانپێداون.
- دانوستانکارانى ئەمریکا داوایان لە ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەرپرسانى یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە بەشداریی گفتوگۆکان بکەن.
لە لایەکى دیکەشەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پاولۆ رانجیل هاوتا پورتوگالییەکەى لە لیشبۆنە ڕایگەیاند، جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا، گەیشتووەتە ڕێگەیەکى داخراو، دووپاتیشیکردەوە، هەر چارەسەرێک پێویستە هەمیشەیی و دادپەروەرانە بێت.
ڕوبیۆ، وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونى وڵاتەکەى بە ڕێگەچارەى دیپلۆماسى بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕایگەیاند، تەنیا بە دانوستان کۆتایی بە جەنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دێت.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەى هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێرشەکانى هەردوو وڵات بۆ سەر یەکدى توند بوونەتەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا لە سەردانێکدا بۆ شارى بریلوکى لە باکوورى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، ئۆکرانیا وەڵامى هێرشەکانى ڕووسیاى بۆ سەر ناوەندى زانیارییەکانى ئۆکرانیا داوەتەوە.
گوتیشى، شاندى وڵاتەکەى ڕۆژى هەینى دەچنە ئەمریکا و هەندێک ئاماژەى گرنگ دەگەیەننە لایەنى ئەمریکى، هاوکات تاوتوێى ڕێگاکانى زیادکردنى فشارەکانى سەر ڕووسیا و دابینکردنى کەرەستەى زیاتر بۆ پارێزگارى ئۆکرانیا دەکەن، بەتایبەت سیستمى بەرگریی ئاسمانى.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
پوتن بۆ ئەوروپا: ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا جەنگی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ڕووسیا
3 کاتژمێر پێش ئێستا