فراكسيۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند پێشنیازێک دەدەنە حکومەت
ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- فراكسيۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند پێشنیازێک دەدەنە حکومەت.
- داواکارن دەستبەجێ لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.
فراكسيۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو پێشنیازانەیان لە سەردانەکەی دوێنێی زەیدی بۆ پەرلەمان پێشکەشکردووە، داوایانکردووە حکومەت و بانکی ناوەندی کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکەن و ڕێگری لە گرانکردن و یاریکردن بە بەهاکەیەوە بکرێت.
داواکاریی فراکسیۆنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى
- حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو شتومەک و کەلوپەلی بیناسازی بۆ ماوەی شەش مانگ پێشکەش بە هاوڵاتییان بکات.
- داشکاندنی نرخی کرێی خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکانە بە ڕێژەی 15%، ئەویش وەک قەرەبووکردنی خێزانەکان بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینارەوە.
- داوای پشتبەستن بە داهاتی جێگرەوە دەکەن، وەک باجدانی تەواوەتیی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، بانک و کۆمپانیا گەورەکان، بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو لایەنانەی دوادەکەون لە پێدانی باج.
- ئەو فراکسیۆنانە داوای دروستکردنی سندووقێکیشیان کردووە بۆ پاڵپشتی و پاراستنی دینار و زیادکردنی بڕی یەدەگ لە داهاتوودا، کە لە پارەی زیادەی نرخی نەوت پارەدار بکرێت، تاوەکو چیدی لەکاتی قەیراندا پەنا بۆ دابەزاندنی نرخی دینار نەبرێت.
- داوای پێداچوونەوەیان بە گرێبەستی بەڵێندەران و پڕۆژە حکومییەکاندا کرد، کە بەهۆی گۆڕینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە.
- گرەنتیی تەواوکردنی پڕۆژەکان بکرێت و نە دەوڵەت و نە هاوڵاتییان باجی ئەو لێکەوتانە نەدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، درەنگانى شەوى ڕابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری دابەزاندنی بەهای دینار، چووە ئەنجوومەنی نوێنەران و دواى کۆبوونەوەکە، جەختکرایەوە لەوەى، کە حکومەتى عێراق، تەنیا سێ بژاردەیان لەبەردەمدا بووە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
ئەنجامى کۆبوونەوەکەى عەلى زەیدى و فالح سارى و پارێزگارى بانکى ناوەندى لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان
ئارام یوسف
3 کاتژمێر پێش ئێستا